ڕوانگە - وەزیری دەرەوەی ئێران ڕایگەیاند، ئامادەن لەبارەی بەرنامە ئەتۆمییەکەیان دانوستان بکەن، هۆشداریدا لەوەی وڵاتەکەی بۆ هەر هەلومەرجێک ئامادەیە و پێویست بکات پێداچونەوە بە بەرنامە ئەتۆمییەکەیدا دەکات.

عەباس عێراقچی لە میانی دیمانەیەکی تەلەفزیۆنی رایگەیاند" پرسی بەرنامەی ئەتۆمی ئێران لە ساڵی داهاتودا هەستیار و ئاڵۆز دەبێت، دەشڵێت دەرفەت بۆ چارەسەرکردنی ناکۆکییەکان لە ڕێگەی دیپلۆماسی سنوردارە".

وەزیری دەرەوەی ئێران هۆشداریش دەدات، لە ئەگەری پەسەندکردنی بڕیارنامەیەک لە دژی ئێران لە کۆبونەوەی داهاتوی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم، تاران ڕێوشوێنی نوێ لەبارەی بەرنامە ئەتۆمییەکەی دەگرێتەبەر.