مامۆستایەکی زانکۆ ڕایدەگەیەنێت: ئیسرائیل بۆ بەرژەوەندیی خۆی پرسی کورد لە قسە و کردارەکانیدا بەکاردەهێنێت، بۆئەوەی لە لایەک دژبەرەکانی خۆی پێ ئیحراج بکات، لە لایەکی دیکەوە بۆ ئەوەی هەڕەشەیان لێ بکات و پێیان بڵێت: ئەگەر دەستێوەردان لە کاروباری ئیسرائیل دا بکەن ئەوا ئەویش پرسی کورد وەک کارتێکی فشار لە دژیان بەکاردەهێنێت.

دکتۆر گەنجۆ خەسرەو محمد، دکتۆرا لە جیۆپۆڵەتیک و  مامۆستا لە زانکۆی کۆیە بۆ ڕوانگە ڕایگەیاند:"گیدیۆن سەعار،  وەزیری نوێی دەرەوەی ئیسرائیل، لەگەڵ دەستبەکاربونی، ڕایگەیاند: پێویستە پەیوەندییەکی بەهێز و هاوپەیمانیەتییەکی بەهێز و دروست لەگەڵ کورد لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ببەستن، وە ڕایشیگەیاند، کورد نەتەوەیەکی مەزنە کە تاوەکو ئێستا کیانێکی سیاسی سەربەخۆی نییە، کە من پێموایە هەر ئەو وەزیرە نوێیە نییە کە ئەو قسەیەی کردبێت، بگرە سەرۆک وەزیرانەکان هەرکاتێک گرژی و ئاڵۆزییەکانیان لەگەڵ ئێران و تورکیا توندتربێت زیاتر باسی دۆزی کورد دەکەن و زیاتر دەڵێن: ئێران و تورکیا مافی کوردیان پێشێلکردووە."

وتیشی:" هەرکاتێک تورکیا بڵێت، ئیسرائیل مافی حەماس و فەلەستینییەکان پێشێل دەکات ڕاستەوخۆ ئیسرائیلیش ئاماژە بەوەدەکات کە تورکیا مافی کوردی خواردووە، کە ئەوەش لەڕاستیدا هەمووی بابەتەی بەرژەوەندییە، کە دیارە ئیسرائیل یش بۆ بەرژەوەندیی خۆی پرسی کورد لە قسە و کردارەکانیدا بەکاردەهێنێت، بۆئەوەی لە لایەک دژبەرەکانی خۆی پێ ئیحراج بکات، لە لایەکی دیکەوە بۆ ئەوەی هەڕەشەیان لێ بکات و پێیان بڵێت: ئەگەر دەستێوەردان لە کاروباری ئیسرائیل دا بکەن ئەوا ئەویش پرسی کورد وەک کارتێکی فشار لە دژیان بەکاردەهێنێت و مەترسی بخاتە سەریان، چونکە لەڕاستیدا تائێستا ئیسرائیل هیچ سودێکی بۆ کورد نەبووە، چونکە ئێمە کۆمەڵێک بەڵگەمان لەبەردەستدایە بۆنمونە لە پرسی ڕیفراندۆم و هاتنی سوپای عێرق و کیمیاباران، کە وڵاتانی دیکە هەڵوێستیان هەبوو، بەڵام ئیسرائیل هیچ هەڵوێستێکی نەبووە و لە هەموو ئەوپێشێلکاریانەی کە عێراق و تورکیا و ئێران بەرامبەر بە کورد کردویانە، ئیسرائیل تەنها لە ڕاگەیاندنەکانەوە هەڵوێستی هەبووە و دیارە ڕاگەیاندنەکەش تەنها بۆ بەرژەوەندی خۆی بووە."

لە وەڵامی ئەو پرسیارەی کە ئایە کورد دەتوانێت چیبکات بۆ ئەوەی کە هاوسەنگی لە پەیوەندییەکانیدا ڕابگرێت؟ دکتۆر گەنجۆ خەسرەو محمد، ڕونیکردەوە:" پێویستە کورد هەموو بەرژەوەندی و پەیوەندیەکانی نەخاتە لایەکی تەرازووەکەوە، بەڵکو دەبێت بەپێی بەژەوەندییەکانی خۆی درێژە بە پەیوەندییەکانی بدات و نابێت ڕوو لە لایەنێک و پشت لە لایەنێکی دیکە بکات، چونکە بەهۆی ئەوەی کە کورد لە ناوچەکەدا کەمینەیە زوتر و زۆر بە ئاسانی کڕین و فرۆشتنی پێدەکرێت و ئاڵوگۆڕی بەرژەوەندی پێدەکرێت بۆیە، بە پێویستی دەزانین کورد بەشێوەیەکی زۆر دیبلۆماسیانە مامەڵەبکات و لە پەیوەندیەکانیدا هاوسەنگی ڕابگرێت لەنێوان هەموو دەوڵەتانی ناوچەکە، چونکە ئەگەر پەیوەندییەکی عەقڵانە نەبێت کورد زۆر بە ئاسانی لەناودەچێت و ئەو پێگەیەی هەیەتی نامێنێت."

دکتۆر گەنجۆ خەسرەو محمد، دکتۆرا لە جیۆپۆڵەتیک و  مامۆستا لە زانکۆی کۆیە، ئاشکرایشیکرد:" کەس ناتوانێت نکۆڵی لەو ڕاستییەبکات کە ئێستا کورد لە ناوچەکەدا پێگەیەکی تایبەتی خۆی هەیە و بەتایبەت لەئێستادا کە ململانێکانی نێوان ئێران و ئیسرائیل لە لوتکەدایە، بەڵام بەداخەوە سەرکردایەتی کورد، لەم کاتەدا سەنگ و پێگەی خۆی ونکردووە و هێندەی سەرقاڵی ململانێن لەسەر پاراستنی بەرژەوەندییکانی ناوخۆی خۆیان  هێندە سەرقاڵی ئەوەنین کە سەنگو پێگەی خۆیان لە ناوچەکەدا و لەم دۆخە هەستیارەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بپارێزێت."