ڕوانگە - کۆبوونەوەی حزبە کوردییەکان لە مەڵبەندی یەکێتی نیشتمانی کوردستان لە قەزای خانەقین، سەبارەت بە پرۆسەی سەرژمێریکردن، دەستیپێکرد و هەمولایان داوادەکەن هاوڵاتیان بگەڕێنەوە بۆ زێدی خۆیان بەمەبەستی خۆتۆمارکردن.

شێرکۆ میروەیس،  بەرپرسی مەڵبەندی خانەقینی یەکێتی،  ڕایگەیاند:" گرنگە سەرۆک خێزانە کوردەکان هەمو بەڵگەنامەکانیان پێ بێت، بۆئەوەی ئەو تیمانەی کە هەڵدەستن بە ئەنجامدانی کارەکانی سەرژمێری بتوانن ناوی ئەو خێزانانە تۆماربکەن، چونکە ئەم چەند ڕۆژەی کە سەرژمێری دەکرێت بۆ کورد زۆر گرنگە، وە گرنگە هەمو سەرۆک خێزانەکان بەڵگەنامەکان بێنێت و دواتر لەڕێگەی تیمەکانەوە دیسانەوە ناویان تۆمار دەکرێتەوە.

وتیشی:" سەرژمێری بۆ ئێمەی کورد لەم ناوچەیە، زیاتر لە گرنگییەکی هەیە، چونکە ئەم ناوچانە ناوچەی جێناکۆکن و تائێستا حکومەتی ئیتیحادی نەهاتۆتە ژێرباری ئەوەی کە ماددەی 140 جێبەجێ بکات.

شێرکۆ میروەیس، ڕونیکردەوە:" سەرژمێری لە دونیا نەخشەڕێگایەکە بۆ بوژاندنەوە و پەرەپێدانی وڵات لە هەموو بوارەکاندا، بەڵام بەداخەوە هێشتا لەم جۆرە پرسانەدا لەبەرئەوەی کە دڵنیایی سیاسی نییە ئێمە بە گومانەوە لەم پرۆسەیە دەڕوانین.

شێرکۆ میروەیس، بەرپرسی مەڵبەندی خانەقینی یەکێتی
ئاشکرایکرد:" لەگەڵ وەزارەتی پلاندان و دەستەی ناوچە جێناکۆکەکان و ئاماری سلێماندا هەماهەنگی تەواومان هەیە و هەمو؟ئەو ڕێنمایانەی کە هەیە پێمان ڕادەگەیەنن و حکومەتی عێراقیش تێبینیەکانی کوردی بە گرنگەوە وەرگرتووە و داواکراوە لەم ناوچانە ئاماری ساڵی 1957، بە بنەما وەربگیرێت، لە هەمانکاتدا ئەو خێزانانەی کە ئاوارەن و هاتونەتە ئەم سنورە نەکرێن بە خەڵکی ئەم ناوچانەی ئێمە، چونکە ئەم ناوچانە هێشتا ناوچەی جێناکۆکن.