ڕوانگە - ژمارەیەک لادێی کورد لە سنوری ناحیەی جەلەولا بە فشاری عەرەبی هاوردە سەرژمێریی تێداناکرێت و ناوی خێزانە کوردەکان کە پێشتر تۆمارکراون، دەسڕێتەوە.
لە کۆی نۆ لادێی پاڵانی لە سنوری ناحێی جەلەولا، بەهۆی فشاری عەرەبی هاوردەوە سێ لادێی بە خاڵی تۆماردەکرێت و لادێیەکیشیان کە دوو خێزانی عەرەبی هاوردەی تێدایە بە ناوی ئەو خێزانانەوە تۆماردەکرێت
سەباح محەمەد رۆستەم خان، دانیشتوی گوندی (تەپەچەرمو)ـی ناوچەی پاڵانی سەر بە ناحیەی جەلەولا، بۆ ڕوانگە ڕایگەیاند:" گوندەکەی ئێمە 57 خێزانین ڕۆژی دووشەمە 39 خێزانمان بەمەبەستی خۆ تۆمارکردن گەڕاینەوە گوندەکەی خۆمان و توانیمان ناوی خۆمان تۆماربکەین، هەروەها ڕۆژی چوارشەمەیش بەهەمان شێوە گەڕاینەوە ئەو زانیاریانەی پێویست بوو بۆ پرۆسەی سەرژمێری جارێکی دیکە تۆمارمانکردەوە.
وتیشی:" تیمی سەرژمێری پێیان وتین هەرکاتێک پەیوەندیمان پێوەکردن بۆئەوەی کۆتا زانیاریتان لێ وەربگرین دەبێت ئامادەبن، ئێمەش بۆ هەمان مەبەست گەڕاینەوە گوندەکەی خۆمان، بەڵام پاش کاتژمێرێک عەرەبە هاوردەکان ئەوانەی کە لەساڵی 1975 ەوە گوندەکەی ئێمەیان داگیرکردووە، لیژنەیەکیان لە پارێزگای دیالەوە هێنا و لەگەڵیشیانا هێزێکی سەربازی عێراقی هاتبوون، جێگری پارێزگاری دیالە پێی ڕاگەیاندین بۆئەوەی کێشە دروست نەبێت ئەو گوندە بەخاڵی تۆماردەکەین و ناوەکانی ئێمەیان سڕیەوە.
سەباح محەمەد رۆستەم خان، ڕونیشیکردەوە:" بۆ چارەسەرکردنی ئەو کێشەیە پەیوەندیمان بە نوێنەرانی کورد لە پەڕلەمانی عێراق و هەروەها قایمقامی قەزای خانەقین و ژمارەیەکی دیکەی بەرپرسەوە کردوە و چاوەڕێین ئەم گرفتەمان بۆ چارەسەربکەن، چونکە لەکۆی نۆ لادێی پاڵانی، هەرسێ لادێی ( تەپەچەرموو ، سێڵوەنی و بنەباخ) بە خاڵی تۆمارکراون و لادێی (عەلوەش) کە دوو خێزانی عەرەبی هاوردەی تێدایە و سەربە حەشدی شەعبین داگیرکراوە و ڕێگە نەدراوە دانیشتوانەکەی بگەڕێنەوە بۆئەوەی ناوی خۆیان تۆماربکەن.
پەیامنێری ڕوانگە بۆ زانینی زانیاری دیکە و هەوڵەکانی نوێنەرانی کورد لە پەڕلەمانی عێراق، پەیوەندی کرد بە سروە محەمەد، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، لە فراکسیۆنی یەکێتی و ڕایگەیاند:" ڕۆژی دووشەممە هەندێک گرفت هەبوو توانیمان چارەسەری بکەین، بەتایبەتی گرفتی ئەو چەند لادێیەی کە نزیکن لە هێزەکانی عێراقەوە و توانرا دانیشتوانی ئەو گوندانە ناوی خۆیان تۆماربکەن و تەنانەت بەیانی دوێنێ چوارشەمەش جارێکی دیکە دانیشتوانی ئەو گوندانە چونەتەوە گوندەکانی خۆیان و زانیاریەکانیان لێ وەرگیراوە، بەڵام دوانیوەڕۆ عەرەبە هاوردەکان هاتون و ڕێگرییان لێیان کردووە، بۆیە پارێزگاری دیالە بە سەرپەرشتی جێگری پارێزگاری دیالە لیژنەیەکی پێکهێنا و سەردانی ئەو گوندانەیان کرد بۆئەوەی گوێ لە هەردوولایان بگرن، بۆیە دوێنێ کێشەکە گەورەبوو.
وتیشی:" ئەمشەو لەگەڵ دکتۆر خالدشوانی و دکتۆر دارا وەزیری پلاندانانی حکومەتی هەرێم و شێرکۆ میروەیس بەرپرسی مەڵبەندی خانەقین، گفتوگۆم کردووە و خۆشبەختانە ئەمشەو کاتژمێر 11 توانیمان ئەو کێشەیە لەگەڵ وەزیری پلاندانانی عێراق چارەسەربکەین و ئەمڕۆ خێزانە کوردەکان دەتوانن بچنەوە گوندەکانی خۆیان و ناوی خۆیان تۆماربکەنەوە.