ڕوانگە - فەرماندەى سوپاى پاسدارانى ئێران رایگەیاند "یاداشتەکەى دادگاى نێودەوڵەتیى تاوانەکان دەرهەق بە بنیامین نەتانیاهوو و یوئاڤ گالانت، وەزیرى پێشووى بەرگریى ئیسرائیل، کۆتایى و مەرگى سیاسیى ئیسرائیلە".

لە میانەى پێشکەشکردنى وتارێکدا کە تەلەفزیۆنى فەرمى ئێران پەخشى کرد، حسێن سەلامى، فەرماندەى سوپاى پاسداران ئاماژەى بەوەکرد "یاداشتەکە بەواتاى کۆتایى و مەرگى سیاسیى قەوارەى زایۆنیزمە و لە ئێستادا قەوارەى زایۆنیزم لە گۆشەگیرییەکى سیاسیدا دەژى".

رۆژی پێنجشەممە، بە تۆمەتى ئەنجامدانی تاوانەکانی جەنگ دژ بە مرۆڤایەتی لە ماوەی 8ـی تشرینی یەکەمی 2023 تاوەکو 20ـی ئایاری 2024، دادگای نێودەوڵەتیی تاوانەکان لە لاهای فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ هەریەکە لە بنیامین نەتانیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل و یوئاڤ گالانت، وەزیری پێشووی بەرگریی ئیسرائیل دەرکرد.

هاوکات دادگاکە بە تۆمەتی ئەنجامدانی تاوانی دژ بەمرۆڤایەتی و بەبارمتەگرتنى هاوڵاتییانی مەدەنی، فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ محەمەد زەیف، بەرپرسی باڵی سەربازیی بزووتنەوەی حەماسیش دەرکرد.