ڕوانگە - دواکەوتنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان نیگەرانی لای مامۆستایان و فەرمانبەران بەگشتی دروستکردووە و ئەندامێکی ئەنجومەنی مامۆستایانی ناڕازیش ڕایدەگەیەنێت:" لە ئێستادا لە گفتوگۆدان بۆئەوەی بتوانن ڕێگاچارەیەکی مەدەنی نوێ بدۆزنەوە.
ئاسۆ پیرۆزی، ئەندامی ئەنجومەنی مامۆستایانی ناڕازی گەرمیان، بۆ ڕوانگە ڕایگەیاند:" لە بابەتی دواکەوتنی مووچە ئێمە ماوەی دە ساڵ دەبێت لەگەڵ ئەم حکومەتەدا ئەزمونمان هەیە و بەردەوام مووچە دواکەوتووە و هەر دوایش دەکەوێت، کە ئەوەش پەیوەندی بەوەوە هەیە کە ئەو کەسانەی ئەمڕۆ ئەم وڵاتە بەڕێوەدەبەن کەسانی دەوڵەتمەدارنین و توانای بەڕێوەبردنی قەیرانەکانیان نییە.
وتیشی:" لە ڕابردوودا دژی دواکەوتنی مووچە بابەتی بایکۆتمان ئەزموون کردووە وئێستا دەزانین خەڵک بێهیوابووە لە بایکۆت و خۆپیشاندان، بۆیە بەبڕوای من هۆکاری ئەو بێدەنگییەی ئێستا هۆکارەکەی ئەوەیە کە دەرچەیەکی دیکە بکەینەوە جیاوازتربێت لەو هەنگاوانەی کە لە ڕابردوودا ناومانە و لە ئێستاشدا لەگەڵ مامۆستایاندا لە گفتوگۆداین و دەمانەوێت بزانین هەنگاوی داهاتوومان بەکوێمان دەگەیەنێت.
ئاسۆ پیرۆزی، ڕونیشیکردەوە:" هەموومان دەزانین دۆخی سیاسی عێراق بەگشتی و هەرێمی کوردستان بەتایبەتی، دۆخێکی ئاڵۆزە وئێمە وەک مامۆستایان نامانەوێت پێشڕەوی لەم بارودۆخەدا بکەین و ببین بە هۆکارێک بۆ تێکچونی زیاتری بارودۆخی هەرێمی کوردستان و هەموو لایەک زەرەرمەندبێت و هەمیش ئێمە هەنگاوێک بچینە پێچەوە، چونکە ئەم قەیرانە تەواو نیگەرانی کردوین، بۆیە بەدوای ڕێگەچارەیەکداین کە لە بەرژەوەندی هەموماندابێت.
ئەندامەکەی ئەنجومەنی مامۆستایانی ناڕازی گەرمیان، ئاماژەی بەوەشکرد:" یەکێک لەو پێشنیارانەی کە ئێستاکراوە و گفتوگۆی لەبارەوە دەکرێت بۆ دەربڕینی ناڕەزایەتی ئەوەیە کە مووچەخۆران ئەو مووچەیەی وەری دەگرن تەنها بۆ 30 ڕۆژ بێت، دوای ئەوە چەندڕۆژ مووچە دواکەوت ئەوەندە بایکۆتی دەوام بکەن و نەچنەوە سەرکارەکانیان، کە دەبو ئەمە زوتر بکرایە و هەرچەندە ئەمە بژاردەیەکی تازیە و دورنییە ئەم هەنگاوەش بنێین،
ئاسۆ پیرۆزی، ئەندامی ئەنجومەنی مامۆستایانی ناڕازی گەرمیان، باسی لەوەشکرد:" ئێمە وەکو مامۆستایان جگە لەوبابەتانەی کە ڕێکاری مەدەنییە بۆئەوەی حکومەت ناچاربێت گوێ لە داواکاریەکانمان بگرێت ناتوانین دەستببەین بۆ هیچ شتێکی دیکە و ئێستاش ئێمە لە فەراغێکی یاسای و سیاسیداین و هەمیشە ئەوەش وتراوە خەڵکی کوردستان ئەوەندەی باجیداوە بۆ ئەم بارودۆخەی کە ئێستاهەیە سیاسیەکان و بنەماڵەکانیان ئەو باجانەیان نەداوە بۆیە دەبو حکومەت دوای هەڵبژاردن کە خەڵک دەنگی پێدان بەباشی بەدەم خەڵکەوە بچونایە نەک ئەوەی دوای هەڵبژاردن ڕاستەوخۆ دەست ببەن بۆ مووچەی فەرمانبەران، بۆیە ئێمە دەمانەوێت کە ڕێگاچارەیەک بدۆزینەوە کە توندوتیژی لێنەکەوێتە و لە هەمانکاتیشدا ئەم لایەنەسیاسیانە ناچاربکەین کە جارێکی دیکە مووچە و قوتی خەڵک دوانەخەین.