ڕوانگە - لەگەڵ ئەوەی چەند ساڵێكە ئەو ئۆتۆمبێلانە بەبێ كێشە دەسوڕێنەوە، بەڵام ئاسایش نوسراوی بۆ بازگەكان كردووە تا سەری ساڵ ئۆتۆمبێلەكانی "شاهینە، مەلیكە" دەتوانن لەسەر شەقامەكان بن.
هەرچەندە چەند ساڵێكە ئۆتۆمبێلە بێسەرەتاكان كە بە (شاهینە و مەلیكە) ناسراون لە شارەكانی هەرێمی كوردستان بە تایبەت لە سنوری پارێزگای سلێمانی بەشێوەیەكی بەرچاو زیادیان كردووە و بەبێ كێشە دەسوڕانەوە، بەڵام ئاسایشی سلێمانی بەنوسراوێك بازگەكانی ئاگاداركردووەتەوە كە تا سەری ساڵ دەتوانن بسوڕێنەوە.
بەپێی زانیارییەكان، بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی پارێزگای سلێمانی نوسراوێكی ئاڕاستەی بازگەكانی سنوری پارێزگای سلێمانی كردووە، داوای لێكردوون تا سەرەتای ساڵی نوێ رێگەدەدرێت ئۆتۆمبێلی بێسەرەتا هاتووچۆ لەشەقامەكاندا بكەن، دوای ئەو وادەیە دەست بەسەر ئۆتۆمبێلەكانیان دەگیرێت.
لە هەرێمی كوردستان زیاتر لە 65 هەزار ئۆتۆمبێلی بێ سەرەتا هەن كە بە (مەلیكە و شاهینە) ناسراون و زۆرترینیان لە سنووری پارێزگای سلێمانین، بەشێكی زۆری ئەو ئۆتۆمبێلانەش مووس و بڕاوەن و هیچ مەرجێكی توندوتۆڵیییان تێدا نییە.