ڕوانگە - نەتەوەیەکگرتووەکان هۆشداری دا لە زیانی گیانی کارمەندانی مرۆیی ڕێکخراوەکەی و ڕایگەیاند، ئەمساڵ بۆ کارمەندانیان خوێناویترین ساڵ بووە و کوژرانی کارمەندانیان ئاستی پێوانەیی تێپەڕاندووە.

لە بەیاننامەیەکدا، ئەو ڕێکخراوە جیهانییە ئاشکرای کردووە، لە سەرەتای ئەمساڵەوە 281 کارمەندی بوارەکانی فریاگوزاری مرۆیی کوژراون.

یاریدەدەری سکرتێری گشتیی ڕێکخراوەکە بۆ کاروباری مرۆیی، تۆم فلیچەر لە بەیاننامەیەکدا وتی: ئەو توندوتیژییەی بەرامبەر بە کارمەندانمان دەکرێت قبوڵکراو نیە و بووەتە هۆی وێرانبوونی پڕۆسەی فریاگوزاری و پێویستە سنوورێک بۆ ئەو دەستدرێژیانە دابنرێت و بەرپرسانی ئەو تاوانانە لە سزا دەرباز نەبن.

وتیشی: پار ساڵ بە هەمان شێوە لە 33 وڵاتدا 280 کارمەندمان کوژراون. بەڵام ئەمساڵ بە هۆی شەڕی غ.ززەوە ئامارەکان زیاتر هەڵکشاون و لە پارەوە تەنیا لەو ناوچەیە 333 کارمەند کوژراون. 

پێشتر ڕێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ فریاگوزاری و بەگەڕخستنی ئاوارە و پەنابەرە فەلەستینییەکان ناسراو بە "ئۆنروا" ڕایگەیاندبوو، 243 کارمەندی لە ئاکامی هێرشەکانی ئیسرائیل کوژراون.

جگە لە هێرشەکانی ئیسرائیل، لە سودان و کۆنگۆی دیموکراتی و باشووری سودان و ئۆکراینا و یەمەن چەندین کارمەندی دیکە بوونەتە قوربانی.