ڕوانگە - لەبارەی ئەگەری پەلاماردانی ئیسرائیل، بۆسەر گروپەچەکدارەکانی عێراق و فراوانبونی ئەو جەنگەی کەئیسرائیل لەناوچەکەدا دەستی داوەتێ و هەروەها مەترسیەکانی ڕودانی جەنگی ڕاستەوخۆ لەنێوان ئێران و ئیسرائیل و هەوڵەکانی ئەمەریکا بۆ هێورکردنەوەی ئەم جەنگە، پەیامنێری ڕوانگە، گفتوگۆیەکی لەگەڵ بینەر کوردی، توێژەی کاروباری نێودەوڵەتی لە واشنتۆن، ئەنجامداوە.
ئەمەی خوارەوە دەقی گفتوگۆکەیە.
* بۆچونی ئێوە چییە لەبارەی هەڕەشەکانی ئیسرائیل بۆسەر گروپە چەکدارەکان لە عێراق، پتانوایه ئیسرائیل بەم نزیکانە هێرشبکاتە سەر گروپەچەکدارەکانی عێراق؟
وەڵام/ بینەر کوردی:" دەبێت تیشک بخەینەسەر هۆکار و هاندەری ئەم جۆرە ئەگەرانە، وەک لە نامەکەی وەزیری دەرەوەی ئیسرائیلدا کە ناردویەتی بۆ ئەنجومەنی ئاسایش، ڕونکراوەتەوە، ئەویش ئەوەیە کە ژمارە و چڕی هێرشەکانی ئەم گروپە چەکدارانە بەشێوەیەکی زۆر زیادی کردووە، هەروەها ئاماژەی بەوەشکردووە کە ئیسرائیل مافی پارێزگاریکردن لەخۆی هەیە، بەپێی ماددەی ٥١ ـی نەتەوەیەکگرتووەکان،هەموو ئامادەکارییەکی پێویست دەکات بۆیە لە ئێستادا ئیسرائیل هەوڵە دیبلۆماسییەکانی چڕکرۆتەوە بۆئەوەی فشاربخاتە سەر عێراق، تاوەکو بتوانێت چلاکیەکانی ئەم گروپە چەکدارانە سنورداربکات، لە هەمانکاتیشدا ڕێوشوێنەکانی بەرگریکردن لەخۆی وەک سیستەمی بەرگری ئاسمانی ئامادەکردووە بۆ بەرپەرچدانەوەی هەر هێرشێک، بۆیە کردەوەی سەربازی وەک ئەگەرێک دەمێنێتەوە، بەڵام ئەویش بەندە بەئاستی مەترسیە هەستپێکراوەکان و دەرئەنجامەکانی، ئەگەر دەستپێشخەرە دیبلۆماسیەکان لەم هێرشانە بۆسەر ئیسرائیل نەوەستێت و مەترسی هێرشکردنی ئەم گروپانە نەڕەوێتەوە ئەگەر هەیە ئیسرائیل بژاردەهێرشکردن بەکاربهێاێت و بینیویشمانە لە وڵاتەکانی ناوچەکە و گروپەکانیتر لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئەم هێرشانەی ئەنجامداوە."
*هەوڵەکانی عێراق بۆ ڕێگریکردن لە ڕوودانی ئەم جەنگە چۆن هەڵدەسەنگێنن؟
وەڵام/ بینەر کوردی:" لەسەرەتای دروسەبوونی ئەم پشێویانەوە سەرۆک وەزیرانی عێراق و وەزیری دەرەوەی عێراق، دووپاتیانکردۆتەوە کە ئەوان نایانەوێت عێراق لە شەڕێکی ناوچەی تێوەبگلێت، بەڵام چەند سیاسیەکی عێراقیش باسیان لەوەکردووە چەند گروپ و کیانێک هەن کە دەیانەوێت عێراق بخزێننە نێو ئەم جەنگەوە، وە لەنامەکەی وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل دا کە ڕەوانەی ئەنجومەنی ئاسایش کردووە ناوی چەند گروپێک هاتووە و باس لەوەدەکەن کە شەش گروپ هەن لە عێراقدا ئەم هێرشانە دەکەنەسەر خاکی ئیسرائیل، وەئەوەندی ڕوونە بەشێک لەم گروپانە پێیەکیان لە ناوحکومەتی عێراقیدایە و پێیەکی دیکەشیان لە دەرەوەی حکومەتە، بەڵام هەندێک لەوگروپانە لەژێر دەسەڵاتی حکومەتی عێراقیشدانین و پێناچێت فەرمان لە سەرۆک وەزیرانی عێراقەوە وەربگرن، بۆیە لەئەگەری زیادبوونی مەترسییەکانی ئەم گروپانە لە خاکی عێراقەوە بۆسەر ئیسرائیل، ئیسرائیل بە مافی خۆی دەزانێت بەرگری لەخۆی بکات ."
* تێڕوانینی ئیدارەی ئەمەریکا ئەوەیە کە لە میدیاکانەوە گوێبیستی دەبین کە ئارەزوناکات ئیسرائیل درێژە بەم جەنگە بدات و دەخوازن جەنگ کۆتای بێت، یاخود ئەمەریکا لەپشتەوە سیاسەتێکی دیکە پەیڕەودەکات و ئەوە تەنها دیوێکی سیاسەتەکانی ئەمەریکایە؟
وەڵام/ بینەر کوردی:" پێدەچێت هەوڵەکانی ئیدارەی ئەمەریکا،ڕێگریکردن بێت لە پەرەسەندنی ململانێکان بۆ شەڕێکی ناوچەی فراوانتر، ئێمە بینیومانە لەگەڵ ئەوەی بەردەوام پشتگیری خۆی بۆ ئیسرائیل ڕاگەیاندووە، باسی لەوەکردووە کە مافی ئەوەی هەیە بەرگری لە خۆی بکات، بەڵام لە هەمان کاتیشدا ئەمەریکا ئاگادارە لە مەترسییەکانی دوژمنکاری و ناکۆکی درێژخایەن لە ناوچەکەدا، کە ناوچەکە زیاتر ناسەقامگیردەکات، کە ئەمەش لەبەرژەوەندی ئەمەریکادانییە بۆیە واشنتۆن کەمکردنەوەی دۆخەکەی پێگرنگترە، بەڵام بینیویشمانە کە دوودڵیش نەبووە لە پشتگیریکردنی ئیسرائیل، بۆ جڵەوکردنی گروپە چەکدارەکان،
لەکۆتایشدا پێناچێت کە ئەمەریکا بەرژەوەندی هەبێت لە درێژکردنەوەی ململانێکان، بەڵکو ئامانجێتی کە هاوسەنگی بپارێزێت لەنێوان پشتیوانیکردن لە ئیسرائیل لەگەڵ هەوڵەکانی بۆ پاراستنی سەقامگیری ناوچەکە و لە هەمانکاتدا پاراستنی بەرژەوەندییە درێژخایەنەکانی خۆی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، کە ئەمە بۆ ئیدارەکانی ئەمەریکا گرنگە، بەڵام ئەمەش لەگەڵ هاتنی دۆناڵدترەمپ و ڕەوشی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و کاتەکان و بەرژەوەندییەکاندا دەگۆڕێت. لەوانەیە دوو سێ مانگی داهاتوودا ئەمە ڕووبدات."
* چۆن لە هەڕەشەکانی ئیسرائیل دەڕوانن، بۆ ڕاستەوخۆ هێرشکردنەسەر ئێران، پێتان وایە دوای لوبنان و غەزە و عێراق، جەنگەکە ببێت بە جەنگێکی ڕاستەوخۆی نێوان ئێسرائیل وئێران، یاخود بە لاوازکردنی ئەو گروپەچەکدارانەی کە لەناوچەکەدا هەن ئەم جەنگە کۆتای بێت؟
وەڵام/ بینەر کوردی:"لەماوەیەکی کورتخایەندا هەتا دەستبەکاربونی ئیدارەی دووەمی ترەمپ، شەڕی ڕاستەوخۆ لەنێوان ئێران و ئیسرائیل دا ئەگەرێکی لاوازە، چونکە ئیسرائیل لە ساڵانی ڕابردوودا ستراتیژێکی هەبووە ئەویش بەئامانج گرتنی گروپەکانی نزیک لە ئێران یاخود بریکارەکانی ئێران بووە و ڕاستەوخۆ نەیویستووە بچێتەژێرباری ململانێیەکی ڕاستەوخۆ لەگەڵ ئێران، هەرئەم ستراتیجە ڕێگەی بە ئیسرائیل داوە کە کاریگەری گروپەکان لاوازتربکات لە ناوچەکەدا بەبێ ئەوەی بچێتە شەڕێکی ڕاستەوخۆوە، بە پێچەوانەوە ئەمە بۆ ئێرانیش ڕاستبووە و لە چەند دەیەی ڕابردوودا هەوڵیداوە لە ڕێگەی وەکیلەکانیەوە لە ناوچەکەدا هەژمونی خۆی زیاتربکات و بتوانێت ڕکابەری ئیسرائیل بکات، بەڵێ خیتابەکان توندتر دەردەکەون ئەوەی کە لە تەلئەبیبەوە هەیە، بەڵام ڕووبەڕووبوونەوەی ڕاستەوخۆ بەندە بە دووشتەوە، یەکەم: پێشخستنی بەرنامە ئەتۆمیەکەی ئێران بۆ ئاستێکی مەترسیدار، دووم: چۆنێتی مامەڵەکردنی لەگەڵ گروپە وەکیلەکانی بۆلەمەودوا، بۆیە لەئێستادا پێدەچێت ئیسرائیل تەنها گرنگی بدات بە پەکخستنی ئەوگروپانە و کەمکردنەوەی تواناکانیان لە ناوچەکەدا."