ڕوانگە - سامان عەلی، وتەبێژی هاتووچۆی گەرمیان، بۆ ڕوانگە، ڕایگەیاند:"دوای ئەوەی بەهۆی ڕووداوێکی هاتووچۆی جۆری پێکدادان لەسەر ڕێگای کەلار خانەقین کەسێک گیانی لەدەستداو سێ کەسیش برینداربوون، دوو لەبریندارەکان لەنەخۆشخانەی فریاکەوتنی شەهید هەژار بەهۆی سەختی برینەکەیانەوە گیانیان لەدەستدا بەوەش ژمارەی ئەوکەسانەی گیانیان لەدەستدا بەرزبوەوە بۆ سێ کەس.
وتیشی:" ڕووداوەکە پاش نیوەڕۆی ئەمڕۆ(یەکشەممە) لەسەر ڕێگای کەلار خانەقین لەنێوان هەردوو گوندی شێرەوەن و تۆپ عەسکەر ڕوویدا، دوو ئۆتۆمبێلی جۆری نیسان سێنترا و شۆفرلێت ئۆپترا پێکیاندادا ئۆتۆمبێلی جۆری سێنترا بەئاراستەی کەلار هاتووە و ئۆپتراکە بەئاراستەی خانەقین ڕۆیشتووە.
سامان عەلی، وتەبێژی هاتووچۆی گەرمیان، ڕونیشیکردەوە:" ئەوکەسانەی گیانیان لەدەستداوە دوو سەرنشینی سێنتراکەبوون لەدایک بووی ١٩٥١ و ١٩٧٩ە، لەگەڵ شۆفێری ئۆپتراکە لەدایک بووی ٢٠٠٢ە، لێکۆڵینەوە لە ڕووداوەکە لەلایەن تیمی هاتووچۆوە بەردەوامە بەمەبەستی زانینی هۆکارو چۆنیەتی ڕووداوەکە."