ڕوانگە  - لە بەیاننامەیەکدا سەرۆکایەتی کۆماری عێراق، بڵاوی کردۆتەوە یەکێك لە ئەندامانی لیوای سەرۆکایەتی، کە بۆ کارکردن لە سەرۆکایەتی کۆمار راسپێردرابو، ئەرکە وەزیفییەکەی قۆستۆتەوە لەپێناو هەوڵدان بۆ ئەنجامدانی حاڵەتی ئیبتیزاز لەڕێگەی پەیوەندیکردن لەگەڵ هاووڵاتیان و بەکارهێنانی ناوی لێپرسراوان لە دامەزراوەی سەرۆکایەتی بۆ گەیشتن بە ئامانجە تایبەتەکانی خۆی.

لە بەیاننامەکەدا ئەوەشخراوەتەڕوو؛" سەرجەم هەڵسوکەوتەکانی ئەو کەسە، تاکەکەسی و شەخسی بون و هیچ توانایەکی نەبووە بۆ دروستکردنی کاریگەری لەسەر دەرکردنی هیچ بڕیارێکی پەیوەست بە کاری سەرۆکایەتی کۆمار.

دەقی بەیاننامەکەی سەرۆکایەتی کۆمار

لەچوارچێوەی پەرۆشیی سەرۆکایەتی کۆمار بۆ بنەمای شەفافییەت و ئاگادارکردنەوەی ڕای گشتی لە راستییەکان، دەمانەوێت ئەوە ڕوون بکەینەوە، یەکێك لە ئەندامانی لیوای سەرۆکایەتی، کە بۆ کارکردن لە سەرۆکایەتی کۆمار راسپێردرابو، ئەرکە وەزیفییەکەی قۆستۆتەوە لەپێناو هەوڵدان بۆ ئەنجامدانی حاڵەتی ئیبتیزاز لەڕێگەی پەیوەندیکردن لەگەڵ هاووڵاتیان و بەکارهێنانی ناوی لێپرسراوان لە دامەزراوەی سەرۆکایەتی بۆ گەیشتن بە ئامانجە تایبەتەکانی خۆی، گوایە توانای ئەوەی هەیە دەتوانێت کاریگەری لەسەر دەرکردنی بڕیارەکان هەبێت.

دەمانەوێت بە تەواوی جەخت لەوە بکەینەوە، کە سەرجەم هەڵسوکەوتەکانی ئەو کەسە، تاکەکەسی و شەخسی بون و هیچ توانایەکی نەبووە بۆ دروستکردنی کاریگەری لەسەر دەرکردنی هیچ بڕیارێکی پەیوەست بە کاری سەرۆکایەتی کۆمار، فەخامەتی سەرۆك کۆمار-یش هەر کە ئاگادارکرایەوە لە بابەتەکە، فەرمانی دا بە دەستلەکارکێشانەوەی ئەو کەسە و دەستبەجێ ئەنجامدانی لێکۆڵینەوە و گرتنەبەری هەموو رێوشوێنێکی یاسایی لە دژی ئەو کەسە و لە دژی هەر کەسێك کە ئەرکە وەزیفییەکەی بقۆزێتەوە یاخود زیان بە ناوبانگی سەرۆکایەتی کۆمار بگەیەنێت بەمەبەستی لاوازکردنی رۆڵی لە خزمەتکردنی هەموو عێراقییەکاندا.

سەرۆکایەتی کۆمار

26ی تشرینی دووەمی 2024