ڕوانگە د.لەتیف جەمال رەشید، سەرۆك کۆماری عێراق، پێشوازی لە د.مەحمود مەشهەدانی سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران کرد.
لە میانی دیدارەکەدا، کە رۆژی سێشەممە 26-11-2024 لە بەغداد بەڕێوەچو، رەوشی سیاسیی وڵات و میکانیزمەکانی هاوئاهەنگی نێوان سەرۆکایەتی کۆمار و ئەنجومەنی نوێنەران بۆ پێشکەشکردن و پەسندکردنی پرۆژە یاسای گرنگ، تاووتوێکران.
لەم چوارچێوەیەدا سەرۆك کۆمار جەختیکردەوە لەسەر گرنگی کارکردن بۆ پەسندکردنی ئەو یاسایانەی راستەوخۆ پەیوەندییان بە کار و بژێوی هاووڵاتیانەوە هەیە لەپێناو مسۆگەرکردنی ژیانێکی ئازاد و ئارام و شکۆمەندانە بۆیان.
هەر لە دیدارەکەدا باس لە پێشهاتەکانی بارودۆخی ئیقلیمی کرا بەتایبەت دەستدرێژییەکانی سەر هەردوو گەلی فەڵەستین و لوبنان، لەم بارەیەوە جەخت لە گرنگی هەوڵە سیاسی و دیپلۆماسییەکان کرایەوە بۆ راگرتنی جەنگ.
لەلایەن خۆیەوە د.مەحمود مەشهەدانی سوپاسی فەخامەتی سەرۆك کۆماری کرد بۆ پاڵپشتی و بەهێزکردنی هاریکاری نێوان سەرۆکایەتی کۆمار و ئەنجومەنی نوێنەران، هەروەها پەرۆشیی ئەنجومەنەکەی دوپاتکردەوە بۆ بەدواداچونی ئەو پرۆژە یاسایانەی لەلایەن سەرۆکایەتی کۆمارەوە پێشکەشکراون بەمەبەستی گفتوگۆکردن لەسەریان و پەسندکردنیان.