ڕوانگە - شاندی پارتی بۆ گفتوگۆی پێکهێنانی کابینەی 10 دەست بە سەردانەکانیان بۆ لای لایەنەکان دەکەن. ئەندامێکی شاندەکە دەڵێ، بەبێ جیاوازی سەردانی هەموو لایەنەکان دەکەن و "لایەنەکانیش ئامادەییان نیشانداوە."
دڵشاد شەهاب، ئەندامی شاندی دانوستاندنکاری پارتی بە رۆژنامەڤانانی راگەیاند، پارتی بۆ پێکهێنانی حکومەت "مەرجی پێشوەختە" ـی نییە. ئامانجی ئەوان "حکومەتێکی بەهێزی سەرتاسەرییە." ئاماژە بەوەش دەکات، تاوەکو لەگەڵ لایەنەکان دانەنیشن، مامەڵە لەگەڵ ئەو گوتانە ناکەن کە لە راگەیاندنەکان بڵاودەبێتەوە.
لە سەرەتای ئەم هەفتەیە، کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق ئەنجامەکانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانی پەسندکرد کە پارتی بە بەدەستهێنانی 39 کورسی براوەی یەکەمە، یەکێتی 23 کورسی و نەوەی نوێ 15 کورسی هەیە و پلەکانی دووەم و سێیەمیان گرتووە.
دڵشاد شەهاب رایگەیاند، "بە گوێرەی رێنماییەکانی سەرۆک بارزانی کە پارتی هەمیشە بۆ دانیشتن لەگەڵ لایەنەکان ئامادەیە و هیچ مەرجێکی پێشوەختە نابێت، دەمانەوێت لەجێی متمانەی دەنگدەرانمان بین."
ئەو ئەندامەی شاندی دانوستاندنکاری پارتی ئاماژەی بەوەشکرد، "بەرنامەی هەڵبژاردنمان روون بووە و بەلای پارتییەوە پێکهێنانی حکومەت و بەڕێوەبردنی کارێکی نامۆ نییە، بێگومان ئامانجی باشتربوونمان بە بەردەوامی هەیە و کۆمەڵگە هەمیشە بەرەپێشچوونی پێویستە، پارتی حکومەتێکی بەهێز و سەرتاسەری دەوێت کە هاوبەشییەکی بەهێز بێت، بۆئەوەی بەیەکەوە بەرگەی ئاڵنگارییەکانی ناوچەکە بگرین و لە ئاست ویست و داخوازییەکانی خەڵک بین."
لە وەڵامی پرسیارێکدا لەبارەی وردەکاریی کۆبوونەوەکان، دڵشاد شەهاب رایگەیاند، پەیامیان بۆ هەموو لایەنەکان ناردووە، "ئەوەی ئەمڕۆ پێڕانەگەین رۆژانی داهاتوو پەیامی خۆمانیان پێدەگەیێنین، رەنگە ئەمڕۆ نەتوانین سەردانی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی بکەین لەبەر ئامادەنەبوونی شاندەکەیان، بەڵام هیچ جیاوازی لەنێوان لایەنەکان ناکەین."
جگە لەو لایەنانەی بەشداریی حکومەت دەکەن، شاندی پارتی بڕیاریداوە سەردانی لایەنەکانی ئۆپۆزیسیۆنیش بکات، دڵشاد شەهاب دەڵێ: "ئەوانیش بەرپرسیارییەتییان لەسەر شانە و پێکەوە لەم وڵاتەداین."