ڕوانگە - دکتۆر لەتیف جەمال رەشید، سەرۆك کۆماری عێراق، پێشوازیکرد لە عەلی موئەیەد سەرۆکی کۆمیسیۆنی راگەیاندن و پەیوەندییەکان و ژمارەیەك لە ئەندامانی ئەنجومەنی کۆمیسیاران.
لەو دیدارەدا، کە رۆژی چوارشەممە 27-11-2024 لە کۆشکی بەغداد بەڕێوەچو، سروشتی کارکردنی کۆمیسیۆن و چۆنێتی گەیاندنی لایەنە ئیجابییەکان لە کەرتە جیاجیاکانی وڵاتدا تاووتوێکران و سەرۆك کۆمار جەختیکردەوە لەسەر پێویستی هەوڵدان بۆ خستنەڕوی وێنەی راستەقینەی عێراق و دەستنیشانکردنی لایەنە نێگەتیڤەکان و دۆزینەوەی چارەسەر بۆ خاڵە نێگەتیڤەکان.
هەروەها تەئکیدیکردەوە لەسەر بایەخی پیشاندانی وێنەی راستەقینەی سەقامگیریی ئاسایش و سیاسی لە عیراقدا، ئەرکی کۆمیسیۆنیشە بەدواداچون بکات بۆ ئەو هەواڵ و بابەتە چەواشەکارانەی لەلایەن هەندێك لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە بڵاودەکرێنەوە بەمەبەستی ئیبتیزاز و سوکایەتیکردن بە دامودەزگاکانی دەوڵەت. هاوکات جەختیکردەوە لەسەر گرنگی پاراستنی سەربەخۆیی کۆمیسیۆنەکە.
لای خۆیەوە سەرۆکی کۆمیسیۆن و ئەندامانی ئەنجومەنی کۆمیسیاران سوپاسی خۆیان بۆ رێنماییەکانی بەڕێز سەرۆك کۆمار دەربڕی و جەختیان لەسەر پەرۆشیی خۆیان و سەرجەم کادرانی کۆمیسیۆنی راگەیاندن و پەیوەندییەکان کردەوە بەمەبەستی بەدواداچون بۆ کاری کەناڵەکانی راگەیاندن.