ڕوانگە ـ  سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق محەمەد شیاع سودانی، لە مەدرید لەگەڵ بەڕێوەبەری جێبەجێکاری ئەنجومەنی نێودەوڵەتی زەیتون کۆدەبێتەوە.

سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران بەڕێز محەمەد شیاع سودانی، ئەمڕۆ هەینی لە شوێنی نیشتەجێبوونی خۆی لە مەدریدی پایتەختی ئیسپانیا پێشوازی کرد لە بەڕێوەبەری جێبەجێکاری ئەنجومەنی نێودەوڵەتی زەیتوون ‏/l O C بەڕێز جیم لیلۆ لۆپێز.

لە دیدارەکەدا لایەنەکانی هاوکاری لەبوارەکانی کشتوکاڵ و پیشەسازیی خۆراکدا تاوتوێکران، و جەخت کرایەوە لەسەر گرنگی بەشداری کردنی عێراق لە پەیماننامەی نێودەوڵەتی زەیتوون، دوای ئەوەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق پەیماننامەکەی پەسەند کرد و ئامادەکارییەکان بۆ گەڕانەوە بۆ ئەنجومەنی نێودەوڵەتی زەیتوون کە بارەگای لە مەدریدە بەڕێوەدەچێت.

بەڕێز سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران ڕایگەیاند عێراق ئامادەیە بەهێزەوە بگەڕێتەوە، بۆ ئەوەی ئەندامێکی کارا بێت لە ئەنجومەنی نێودەوڵەتیی زەیتون، بەتایبەت لە ئێستادا یەکێکە لە وڵاتانی بەرهەمهێنەری زەیتون و ئامادەیە بۆ ئامادەکردنی زەوی تایبەت بە بەرهەمهێنانی کێڵگەی گەورە کە گرنگە بۆ کەشوهەوا.

لە لای خۆیەوە سەرۆکی ئەنجوومەنی نێودەوڵەتی زەیتوون ئاماژەی بە پێویستی گەڕانەوەی عێراق کرد، وەک ئەندامێکی چالاک لە ئەنجومەنەکە، چونکە توانا زۆرەی هەیە بۆ ئەوەی ببێتە وڵاتێکی هەناردەکاری زەیتون نەک هاوردەکار، و جەختی لەسەر ئامادەیی ئەنجومەنەکە کردەوە بۆ ناردنی تاقیگە و توێژەران بۆ عێراق، و هاوکاریکردن لە پڕۆژەکانی بەڕێوەبردنی ئاو بە شێوەیەکی گونجاو.
نوسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران
29ى تشرینی دووەمی 2024