ڕوانگە - لەرووی ستراتیژییەوە شاری حەلەب و دەوروبەری گرنگییەكی زۆری بۆ رۆژئاوای كوردستان هەیە، تاكە دەروازەیەكە كە ئەو ناوچانەی دەوروبەری عەفرین وەك شەهباو ناوچەكانی تر، بەناوچەكانی تری رۆژئاوای كوردستان ببەستێتەوە، لەكاتی داگیركاری توركیا بۆ عەفرین زۆر بایەخ بەو ناوچەیە دەدراو شەڕڤانان دەیانتوانی لەرێگەی شەهباوە بگەنە حەلەب و دواتر بۆ ناوچەكانی تر، داگیركردنی ئەو شارە لەلایەن بەكرێگیراوەكانی توركیا، دەتوانین بڵێین یەكێك لە دەرهاویشتەكانی سەرهەڵدانی جوولانەوەی داعشێكی نوێیە، كە نەك مەترسی بە تەنیا بۆ رۆژئاوای كوردستان بگرە باشووریش دەخاتە مەترسییەوە!.
بەگوێرەی رۆژئاوای كوردستان ناوچەكانی ئەلباب و منبج و ئەعزازو دواتریش كۆبانێ و رەقەو ئەو ناوچانەی دەوروبەری عەفرین، كە تا ئێستا لەژێر دەستی شەڕڤاناندا ماون دەخاتە مەترسییەوە، دەكرێت ئەم هێرشەی ئێستا سەرەتایەك بێت بۆ پەلامارێكی گەورە بۆ سەر رۆژئاوای كوردستان، هەرچەندە رژێمی سوریا هەڕەشە دەكات و بەناو سوپا دەنێرێت، بەڵام دوور نییە جۆرە سیناریۆیەك بێت، كە توركیا سوریا لەو رێگەیەوە بەیەكەوە هەوڵ بدەن، هەمان سیناریۆی عەفرین دووبارە بكەنەوەو ئەزموونی كورد لە رۆژئاوای كوردستان لەناو بەرن، هەرچەندە هێشتا زووە بۆ پێشبینی لەو شێوەیە، چونكە تاوەكو ئێستا دیمەنەكان زۆر روون نیبن.
بەڵام تەنیا بەسەیركردنی نەخشەی حەلەب و ئەدلب و ناوچەكانی دەوروبەری، گومانی گەورە دروست دەبێت، دەكرێت هەمان سیناریۆی 2014 بەڵام بەشێوەیەكی تر دووبارە بێتەوە، دەبێت ئەوە بزانین كەمپی هۆل و بەندكراوانی داعش لای شەڕڤانانی رۆژئاوا، ئێستا لە هەموو كاتێك مەترسیدارترە و دەكرێت وەك هێزێكی نووستوو لەپڕ واگا بهێنرێن و بەكاربهێنرێن، كە ئەمە ناوچەكە بەرەو فەوزایەكی گەورەو شەڕێكی ترسناك دەبات، بۆیە كورد لە هەموو كاتێك زیاتر ێویستی بە هوشیاری و یەكگرتنە، مەبەستم لەیەكگرتنی هێزە سیاسییەكان نییە، بە تایبەتی هێزە سیاسییەكانی باشوور، كە بەهیچ شێوەیەك ئیرادەیان لەدەست خۆیاندا نەماوە، بەڵكو مەبەستم خەڵكی كوردستانە بەگشتی، كە دەبێت بەهەموو شێوەیەك هەوڵی پاراستنی ئەزموونی رۆژئاوای كوردستان بدەن و لەكاتی هێرشێكی لەو شێوەیە پاڵپشتی بكەن.
چونكە لەو گۆڕانكارییە نوێیانە وا پێدەچێت وەك سەرەتا بەپلەی یەكەم ئەوان بە ئامانج دەگیرێن، ئینجا دواتر وەك یاری دۆمینۆ هەموو پولەكانی تریش لەدوای ئەودا لەجێگەی خۆیاندا بكەون، ئەگەری ئەوە هەیە، كە ئەو هەوڵە سەرەتایەك بێت بۆ زیندووكردنەوەی داعش لە ئێراق بە فۆرمێكی نوێ، وەك هەوڵێك بۆ لێدانی میلشیا شیعەكان لە ئێراق گەڕاندنەوەی سوننە بۆ سەر دەسەڵات، كە ئەمەش رێگە بۆ دەسەڵاتێكی ناوەندی بەهێزی وا دروست دەكات، كە تەڕو وشك بەیەكەوە بسوتێنێت، ئەگەر شەڕی حەلەب پەرە بسێنێت و هێزە توندڕەوەكانی توركیا سەركەوتنی واخێراو گەورە بەدەست بێنن، ئەوا ئاسۆ لەبەردەم زۆر سیناریۆی مەترسیدار دەكرێتەوە، كە جارێكی تر هەموو ناوچەكە بەرەو ئاژاوەیەكی فراوان ببات!.