ڕوانگە - دوای تێپەڕبونی زیاتر لە سی ساڵ بەسەر ئەنجامدانی تاوانی ئەنفالدا و ئەو هەموو ساڵە لە ئازادبونی باشووری کوردستان، یەکێک لە داواکاریە سەرەکیەکانی کەسوکاری قوربانیانی ئەنفال ئەوەیە کە پێویستە تاوانبارانی ئەنفال دادگای بکرێن، بەڵام تاوەکو ئێستا ئەم داوایەی کەسوکاری ئەنفالکراوان جێبەجێ نەکراوە و ئەمەش وایکردووە، کەسوکاری قوربانیانی ئەنفال بەردەوام نیگەرانبن.

هۆمەر محەمەد، سەرنوسەری گۆڤاری ئەنفالستان، بۆ ڕوانگە ڕایگەیاند: "بەداخەوە پرسی دادگایی کردنی تاوانبارانی ئەنفال لە نیگەرانی تێپەڕیوە و بووە بە ماڵوێرانی.

هۆمەر محەمەد ئەوەشی خستەڕوو: " پێش دروستبوونی قەوارەی هەرێم کە لێبوردن بۆ خەڵکانێک دەربکات، کە سەر بە ڕژێمی بەعس بوون و خەڵکانێک بوون ، کە جاش و مستەشاربوون، ئێمە ئەگەر مافێک بدەین بەو حیزبانە، کە وەک پرسێکی تاکتیکی من بە کارێکی باشی دەزانم، لەبەرئەوەی دنیای سیاسەت بەو جۆرەیە کە لەناوخۆدا شەڕەکە ببەیتەوە، تائەوڕادەیە بە مافی حیزبەکانی دەزانم، بەڵام دوای ئەوەی کە دەوڵەتی عێراق دروست دەبێتەوە و دادگایەکی تایبەت بە دۆسیەی تاوانە گەورەکان یەکێک لەوانە جینۆسادی کورد دادەمەزرێ، تاوەکو ئەوکاتەش کە مافێک لای حیزبی کوردی وەکو سیاسەت بێت دوای ئەوە دادگا لێی دەسێنێتەوە.

وتیشی: "بەندێک لە یاسای ژمارە ١٠ی ساڵی ٢٠٠٥ دا لە دادگای باڵای تاوانەکان دەڵێت: هەر لێبوردنێکی گشتی پێش دامەزراندنی ئەم یاسایە بۆ ئەمجۆرە تۆمەتبارانە دەرکرابێت، ئەوا ئەم یاسایە هەڵیدەوەشێنێتەوە وهیچ رەوایەتیەکی قانونی نیە، کەواتە ئەگەر حیزبی کوردی ئەمجۆرە خەڵکانەی داڵدەنەدایە ئەوا هیچ کێشەیەکی یاسای و سیاسیشی بۆ دروست نەدبوو.

سەرنوسەری گۆڤاری ئەنفالستان ڕونیشیکردەوە: "ئەو دادگایەی کە هەیە دادگایەکە هێزی یاسای نێودەوڵەتیی هەیە و بەندەکانیشی لە یاسای نێودەوڵەتییەوە وەرگیراون. واتا ئەم دادگایە یەکێک لە بەندەکانی ئەوەیە کە تەنانەت دەوڵەت و سەرۆکی کۆمار و سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیرانیش ناتوانن بەرگری لە هیچ یەکێک لەم تۆمەتبارانە بکەن و داڵدەیان بدەن یان سزاکانیان کەم بکەنەوە، هەروەها ئاماژەی بەوەشکرد "دەسەڵاتداری کورد خەونی سەربەخۆی و ئازادی بۆ مرۆڤی کوردنییە، ئەگینا کۆمەڵگایەکی بە قوربانی کۆمەڵێک خەڵکی کۆنەجاش و تۆمەتباری ئەنفال و جینۆساید نەدەکرد.

هۆمەر محەمەد باسی لەوەشکرد: "ڕادەستکردنی تۆمەتبارانی تاوانی ئەنفال بە دادگا داوایەکی ڕەوای هەموو ئینسانێکی ئازادی خوازی ئەم کۆمەڵگەیە، بۆیە ڕێزنەگرتن لەم داوایە بەو مانایەیە، کە حکومەتێکت ناوێت کە جێگەی ئینسانی شکۆمەندی تیابێتەوە، هەربۆیە هەموو ئەو تۆمەتبارانەی کە دەستیان لەم تاوانانەدا هەیە مافی ئەوەیان نییە لەم حکومەتەدا پلەو پۆستیان هەبێت و دەبێت دادگای بکرێن"

هۆمەر محەمەد، سەرنوسەری گۆڤاری ئەنفالستان، ئاشکرایشیکرد: " یەکێک لەو هۆکارانەی کەوایکردووە حیزبە کوردییەکان تاوانبارانی ئەنفال ڕادەستی دادگا نەکەن ئەوەیە کە لەڕابردوودا ئەم حیزبە کوردیانە ئاشکرایانکردووە کە زۆرێک لە ئەندامان و بەرپرسانی خۆیان لەگەڵ ئەم تاوانبارانە و دەزگاکانی بەعسدا پەیوەندییان هەیە و لە ڕابردووشدا هەندێک فایل بڵاوکرایەوە کە پەیوەندییان لەگەڵیاندا هەبووە، هەروەها یەکێکی دیکە لە هۆکارەکان ئەوەیە کە بەشێک لە جاشەکان لە ڕۆژنامە ئەهلیەکانی پێشتردا بڵاویانکردۆتەوە کە ئەوان ڕێگەپێدراوبوون لەلایەن ئەم حیزبانەوە، کەواتە ڕوونە ئەمانە پشتیوانییەکیان هەبووە و بەشێکیشیان بۆئەوەی ئەو ئابڕو چونەی جاشایەتییەکەی خۆیان سپی بکەنەوە وتویانە سەر بەم حیزب یان ئەو حزبەین، چونکە خۆیان زانیویانە لای کۆمەڵگا شەرمەزاردەبن، بەداخەوە دەسەڵاتداری کورد شەرمەزارییەکی گەورەی بۆخۆی تۆمارکردووە، کاتێک کە دەوڵەتی عێراق داوای ئەم تۆمەتبارانە دەکات، بەڵام حیزبی کوردی ئامادەنییە ڕادەستی دادگایان بکاتەوە، لەکاتێکدا دەبوو ئەمە پێچەوانە بوایەتەوە بۆئەوەی کولتوری جاشایەتی درێژەی نەکێشایە.