ڕوانگە - لە وتوێژی لەگەڵ پەیامنێری ڕوانگە، لەبارەی تاوانکاریەکانی ڕژێمی زایۆنیزم بەرامبەر بە خەڵکی سڤیل لە غەززە و لوبنان و ئەو شکستە گەورەیەی کە دەوڵەتی زایۆنیزم لەم جەنگەدا توشی بووە، ئەرسەلان ساڵەح حەسەن، چاودێری سیاسی، ڕایگەیاند: "ڕووبەڕووبونەوە و ئیرادەی بەهێزی گەلی فەڵەستین و لوبنان ئەوەی سەلماند بۆ جیهان، بۆ جیهانێک کە هەمیشە باسی مافی مرۆڤ و منداڵ و ئافرەت و تەنانەت ئاژەڵی دەکرد سەلمێنرا کە بەڕاستی ئەمانە تەنها درۆیەکی شاخداربوون، بەڵکو ئەوەی لە غەززە دەگوزەرێت ئەوە ڕووە ڕاستەقینەکەی دەوڵەتی زایۆنیزمە.
ئەرسەلان ساڵەح حەسەن، چاودێری سیاسی، بۆ ڕوانگە ئەوەشی ئاشکراکرد: "ئەوەی کە دەبینرێت لە ئێستادا دەوڵەتی زایۆنیزم بەشێوەیەک لە شێوەکان بەو شێوازە تەقلیدییە سەربازییە کە باس دەکرێت جۆرێک لە سەرکەوتنی بەدەستهێناوە، بەڵام بەشێوازە ستراتیژیە دوورمەوداکەی بەشێوازە نێودەوڵەتییەکە کە بە شێوازە تەکتیکییەکە شکستی گەورەی بەدەستهێناوە،
وتیشی: " ئەگەرچی لە ڕوکەشدا وادەردەکەوێت کە دەوڵەتی زایۆنیزم لەم جەنگەدا سەرکەوتنی بەدەستهێناوە، بەڵام بەپێچەوانەوە لە ڕووی نێودەوڵەتی و هەروەها لە ڕووی ناوبانگی دەوڵەتی زایۆنیزمەوە وە خودی حکومەتەکەی ئێستای ناتانیاهۆ، کە دەیسەلمێنێ زیاتر بەهۆی ئەو تاوانکاریانەی کە دەرحەق بە خەڵکی سڤیل ئەنجامی دەدات بۆ پەردەپۆشکردنی هەندێک لە شکستەکانیەتی"
ئەرسەلان ساڵەح حەسەن، چاودێری سیاسی، ڕونیشیکردەوە: "لە ئێستادا دەبینین ناوەندە نێودەوڵەتییەکان و دادگای نێودەوڵەتی هاتونەتە سەرهێڵ و بڕیاری دەستگیرکردنیان بۆ ناتانیاهۆ و وەزیری بەرگریی دەرکردووە و هەروەها چەندین وڵات ئامادەییان دەربڕیوە کە هەرکاتێک بچەن وڵاتەکانیان دەستگیرییان بکەن، کە ئەمە بۆخۆی سەرکەوتنێکە بۆ گەلی ستەم دیدەی فەڵەستین و بەتایبەت خەڵکی غەززە و هەروەها خەڵکی بێتاوانی لوبنان، بۆیە بە دڵنیاییەوە ئەمە شکستێکی گەورەی دەوڵەتی زایۆنیزمە کە نەیتانیوە لە ڕووبەڕووبوونەوەکەی لەگەڵ بزوتنەوەی حەماس و بەتایبەت گەلی فەڵەستین و خەڵکی غەززە نەیتوانیوە سەرکەوتن بەدەستبێنێت"
ئەرسەلان ساڵەح حەسەن، ئاماژەی بەوەشکرد: "لەڕووی مەیدانییەوە هەروەها لەڕووی ناوبانگ و ڕاگەیاندنەکانیشەوە دەوڵەتی زایۆنیزم شکستی گەورەی هێناوە، لەکاتێکدا چەندین ساڵە وەها خۆیان پیشاندەدەن کەوا گەلێکی ستەم لێکرا و مەزڵومن و لە ڕابردوودا ئەڵمانەکان و بەتایبەت هیتلەر ستەمیان لێکردون و تاوانی هۆڵۆکۆستیا بەرامبەر ئەنجامدراوە، بەڵام ئێستا خۆیان بوون بە نوێنەری وڵاتێکی داپڵۆسێنەر و ستەمکار بەرامبەر بە گەلێکی ستەم دیدە، چونکە ئێستا هیچ شوێنێکی پارێزرا و لەناوچەی غەززە نەماوە پارێزراوبێت لە دەستدرێژیەکانی سوپای داگیرکەری ئیسرائیل، تەنانەت لەناو خودی ئیسرائیلیشدا ئێستاکە ئەو 110 دیلەی کەوا لەلای بزوتنەوەی حەماسە وەکو خۆیان دەڵێن، نەیانتوانیوە ئازادیان بکەن و هەروەها زیاد لە هەشت هەزار سەربازیان کوژراوە و سەدان بریندار و کەم ئەندامیان هەیە و هەروەها لەڕووی ئابووریشەوە داڕمانێکی گەورە ڕووی لە ئیسرائیل کردووە و کە لە مێژووی زایۆنیزما شکستی وەها ڕووینەداوە، ڕاستە لەبەرامبەردا ژمارەیەکی زۆر لە هاوڵاتی سڤیل شەهیدبون و هیچ شوێنێک نەماوە بۆئەوەی مەترسی پەلاماردانی ئیسرائیلی لەسەرنەبێ، بەڵام ڕووبەڕووبونەوە و ئیرادەی بەهێزی ئەم گەلە ئەوەی سەلماند بۆ جیهان، بۆ جیهانێک کە هەمیشە باسی مافی مرۆڤ و منداڵ و ئافرەت و تەنانەت ئاژەڵی دەکرد سەلمێنرا کە بەڕاستی ئەمانە تەنها درۆیەکی شاخداربوو، بەڵکو ئەوەی لە غەززە دەگوزەرێت ئەوە ڕووە ڕاستەقینەکەی دەوڵەتی زایۆنیزمە.
لە وەڵامی ئەو پرسیارەی کە ئایە دەوڵەتی زایۆنیزم دەتوانێت ئیدارەی ئاسایشی ئەو ناوچانە بدات کە داگیریکردون؟
ئەرسەلان ساڵەح حەسەن، چاودێری سیاسی، ئاشکرایکرد: "دەوڵەتی زایۆنیزم خۆیان ئێستاکە لەناو ئەوشوێنانەی کە لەژێر کۆنترۆڵی خۆیدایەتی هەرجێگەی مەترسییە، واتا دۆخەکە بەجۆرێکە خەڵکە ئاسایەکەی زایۆنیزم چەکیان پێیە، واتا لە هەموو کاتێکدا لە ترسدا دەژین، چونکە باوەڕێک دروستبووە کەوا هیچ کەسێک لە هەر پلەوپایەیەکدا و لە هەر ڕەگەز و هەرتەمەنێکدا پارێزراونییە لەسایەی دەوڵەتی زایۆنیزم، چونکە ئەمانە وڵاتێکی داگیرکەرن وە ئیعلانی جەنگیان کردووە بەرامبەر بە خەڵکی فەڵەستین و غەززە، بۆیە زەحمەتە بتوانێت ئەمنێت و ئاسایش بۆ هاونیشتیمانەکانی دابینبکات، هەربەپێی ڕاپۆرتی وڵاتانی نێودەوڵەتی و گروپە بێلایەنەکانی دەوڵەتی زایۆنیزم ئەوە سەلمێنراوە کە ئێستا کۆچی پێچەوانەهەیە دستی پێکردووە و خەڵک دەوڵەتی زایۆنیزم بەجێ دەهێڵێت، چونکە ژیانیان لە مەترسیدایە.