ڕوانگە - هەردوو شاندی دانوستاندنکاری یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و پارتی دیموکراتی کوردستان کۆبوونەوە و هاوڕا بوون لەسەر، "گرنگیی لێکتێگەیشتنی باش بۆ یەکەم کۆبوونەوەی پەرلەمان."
کۆبوونەوەکە، ئەمڕۆ (شەممە، 30-11-2024) لە بارەگای مەکتەبی سیاسی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە سلێمانی کرا.
نووسینگەی راگەیاندنی قوباد تاڵەبانی دەڵێ کۆبوونەوەکە "لەکەشێکی ئەرێنیدا کرا"، تێیدا هەردوو شاند "باسیان لە بابەتی قۆناخی پاش هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان و ئەگەر و ئامادەکارییەکانی چۆنییەتی کارکردن بەشێوازێک کە لەبەرژەوەندی خەڵکی کوردستان بێت" کرد.
خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان لە 20-10-2024 هەڵبژێردرا. لە هەڵبژاردنەکەدا پارتی 39 کورسی، یەکێتی 23 کورسی و نەوەی نوێش بە 15 کورسی لە پلەی دووەم و سێیەم بوون.
لە راگەیێندراوەکەی نووسینگەی قوباد تاڵەبانی لەبارەی کۆبوونەوەکە هەروەها هاتووە؛ هەردوو شاندی دانوستاندنکاری پارتی و یەکێتی، ئامادەییان دەربڕی بۆ درێژەدان بە کۆبوونەوەکانی نێوانیان و، هەموو حیزب و لایەنە کوردستانییەکانی دیکەش.
کۆبوونەوەکانی پارتی و یەکێتی لە چوارچێوەی گفتوگۆکانیانە بۆ پێکهێنانی کابینەی دەیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان.
شاندی پارتی دیموکراتی کوردستان بە سەرۆکایەتیی هۆشیار زێباری بوو، کە ئەندامەکانی بریتین لە پشتیوان سادق، دڵشاد شەهاب و ئومێد سباح. شاندی یەکێتیش بۆ پێکهێنانی کابینەی دەیەمی حکومەت لەلایەن قوباد تاڵەبانییەوە سەرۆکایەتی دەکرێت، ئەندامەکانی پێکهاتوون لە رێواز فایق، سالار لالە سەرحەد و رزگار حەمە.
بڕیارە دانیشتنی یەکەمی پەرلەمانی کوردستان 2-12-2024 بکرێت، هەردوو شاندی یەکێتی و پارتی لە کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆیاندا لە سلێمانی "هاوڕا بوون لەبارەی گرنگی بوونی لێکتێگەیشتنی باش" بۆ کۆبوونەوەکە.
سامان ئەحمەد، بەڕێوەبەری راگەیاندنی پەرلەمانی کوردستان ئەمڕۆ بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاندبوو "هەموو ئامادەکارییەکانی پەرلەمان بۆ یەکەم دانیشتنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان تەواوبوون و، لیژنەیەک بۆ پێشوازی لە پەرلەمانتارانی نوێ پێکهێندراوە."