ڕوانگە - لە وتووێژی لەگەڵ پەیامنێری ڕوانگە، لەبارەی ئاستی هۆشیاری کۆمەڵگای کوردی لەمەڕ پرسی مافەکانی ژنان و هەروەها ڕۆڵی ڕێکخراوەکانی ژنان بۆ بەروپێش بردنی پرسی ژنان لە هەرێمی کوردستان و چۆنێتی هەنگاونان بۆ دەربازکردنی ژنانی کورد لەو نەهامەتیانەی تێیکەوتووە،

نیگار ڕەشید محەمەد، چالاکوانی بواری مافەکانی ژنان،ڕایگەیاند: "دەبینین بەدرێژای ئەو ساڵانەی کە کورد خاوەنی سەربەخۆی خۆیەتی، کە کورد خاوەنی حکومڕانییەکە لە هەرێمێکدا و جودا بووەتەوە لە عێراق، بەپێی ئەوسەردەم و پێشکەوتنەی کە هەیە بۆ وشیاری و بڵاوکردنەوەی وشیاری بۆ ئەوەی دەستکاری عەقڵییەتی کۆمەڵگاکەی بکات لە قۆناغێکەوە بۆ قۆناغێکی دیکە بەداخەوە بەپێی پێویست نەبووە، بگرە نەک لە ڕابردوودا، بەڵکو لەچاو ئەم سەردەمەدا دەبینین پاشەکشەی کردووە و بەرەو دواوە هەنگاوی ناوە"

وتیشی: "وشیاری کۆمەڵگا نەک بە تەنها بەرامبەر بە پرسی ژن، بەڵکو بەرامبەر بە تەواوی پرسە جیاجیاکان لە پاشەکشەدایە، چونکە بەرنامەیەکی کۆمەڵایەتی تۆکمە لە پلانەکانی سیاسەتی دەسەڵاتی کوردیدا نییە بۆ پێشخستنی کۆمەڵگای کوردی، بۆ وشیاری و ئاگایی و بنیاتنان و پێشکەوتن و دروستکردنی کۆمەڵگایەکی پتەو کە بەرگەی نەهامەتییەکان و دوژمنەکانی خۆی بگرێت، یاخود بەرگەی گۆڕانکارییەکانی سەردەمی نوێ بگرێت"

نیگار ڕەشید محەمەد، ڕونیشیکردەوە: "کاتێک باس لە وشیاری دەکەین و بەتایبەت وشیاری کۆمەڵگا بەرامبەر پرسی ژنان، دەبێت بەرنامەیەک هەبێت، بەرنامەکەش دەبێت لەو جێگەیەوە بێت کە دەسەڵات هەیە، چونکە ئێمە دەزانین هەموو کایەکان لە لایەن سیاسەتی دەوڵەتەوە بەڕێوەدەبرێت، بەداخەوە ئێستا تەماشادەکەین میدیایەکی سەربەخۆمان نییە، دەزگایەکی سەربەخۆمان نییە، کەسانێک نییە چالاکوانبن و بڵێی ئەمانە سەربەخۆن و نەهێڵن دەستێوەردانی حیزبی لە کارەکانیاندا هەبێت، هەمووی بە سیاسەتێک و بەو ئایدۆلۆژیایەی کە بۆیان دیاریکراوە کاردەکەن، بەداخەوە لە هەرێمی کوردستاندا چەندین ساڵە دەبینین هەرێمێک نییە وەک ئەوەی کە بانگەشەی بۆ دەکات و هەرێمێک نییە کە ئازادییەکی ئەوتۆی تێدانییە کە ڕوناکبیرەکانی هەنگاوبێن و بەرنامەیەکی کۆمەڵایەتییان هەبێت، بۆیە وشیاری کۆمەڵگای ئێمە زۆر پەیوەستە بەو بەرنامە و پلان و ستراتیژەی کە سیاسەتی دەسەڵات هەیەتی لە ناوچەکەدا، چی بەرامبەر بە پرسی ژنان چی بەرامبەر بە کۆی پرسەکانی دیکە"

نیگار ڕەشید محەمەد، چالاکوانی بواری مافەکانی ژنان،

ئاماژەی بەوەشکرد: "لەبەرئەوەی کۆمەڵگای کوردی کۆمەڵگایەکی پیاوسالارە و ئەمەش بەدرێژای مێژووی گەلی کورد هەربونی هەبووە، کەچی لەپاڵ ئەوەشدا ژنی کورد ئازایەتییەک و بوێرییەکی هەبووە و ڕێزێکی تایبەت لە ژن گیراوە، کە ڕەنگە جیاواز لە نەتەوەکانی دیکە دەبینین ژنی کورد ئازایەتی پێوە دیاربووە، بەڵام بەداخەوە ئێمە لەم ساڵانەی دوایدا لەبری ئەوەی پەرەبدەین بەو بوێرییەی ژنان و لەبری ئەوەی ئازادییەکی زیاتر بۆ ژنانمان فەراهەم بکەین، کەچی  کولتووری وڵاتانی داگیرکەرمان هێناوەتە ناو کۆمەڵگاوە و لەناو مەیدانی کۆمەڵایەتی کوردیا ئەو کولتوورە ساغ دەکرێتەوە و بەناوی جیاواز جیاوازەوە کولتوورەکەی خۆمانیان لێ سەندوینەتەوە"

لەبارەی ڕۆڵی ڕێکخراوەکانی تایبەت بە ژنان لە هەرێمی کوردستان و کاریگەرییان لەبارەی بەرەوپێشبردنی پرسەکانی ژنان و هۆشیارکردنەوەی کۆی کۆمەڵگا لەمەڕ مافەکانی ژنان،

نیگار رەشید محەمەد، چالاکوانی بواری مافەکانی ژنان،

ئاشکرایکرد: "ئێمە لە هەرێمی کوردستان کاتێک وەزارەتی کارەبامان هەیە و کارەبامان نییە، کاتێک وەزارەتی تەندروستیمان هەیە و نەخۆشخانەکانمان بێ خزمەتگوزارین، بەداخەوە ئابەوشێوەیش ڕێکخرا و بزوتنەوەکانی ژنانیش بێڕۆڵکراون و دەسەڵات هات ڕێکخراوەکانی کۆکردەوە لە شوێنێکدا کە سەربەحکومەتبن، بەپێی بڕیارێک نابێت ڕێکخراوەکان لە دەرەوەی حکومەتبن ، کاتێک دەبێت ئەم ڕێکخراوانە سەربە حکومەتبن دەزانین حکومەت واتای چییە، واتا نابێت هیچ یەک لەو ڕێکخراوانە بێلایەن نەبن.

نیگار ڕەشید محەمەد، باسی لەوەیشکرد: "بەشێک لە ڕێکخراوەکان ویستی جدییان هەبووە  کاربکەن بۆئەوەی ژنی کورد لەو نەهامەتییە ڕزگاربکەن کە تیایدان، بەڵام بە هۆی ئەوەی هەندێک لەو ڕێکخراوانە سەربەخۆ نەبوون کارەکانیان سنوردار دەکرێت، هەندێک جار دەسەڵات لەبەرامبەر ڕێکخراوێکی چالاک و کاریگەردا چەند ڕێکخراوێکی دروست کردووە بۆ ئەوەی ڕۆڵی ئەو ڕێکخراوە لاوازبکات، بۆیە چەندین  ڕێکخراو دەبینین بەناوی ژنەوە دامەزراوە و کەچی بەپێچەوانەی ئەوەوە کاردەکات کە پرسی ژن بەرەو پێش ببات، بەداخەوە ئێستا ئێمە نەک ڕێکخراوەکان، بەڵکو پەروەردەشمان قۆرخ کراوە بۆ هەندێک گروپ لەناو کوردستاندا، بەداخەوە ناوشیارییەکی گەورەهەیە بەرامبەر داهاتوی ئێمە و بۆ تێکدانی کۆمەڵگای ئێمە"

لەبارەی هەنگاوەکانی داهاتووە بۆ ڕزگارکردنی کۆمەڵگای کوردی بەگشتی و ژنان بەتایبەتی لەم گرفتانە و بەرەوپێشبردنی پرسی ژنان و دۆزینەوەی ڕێگاچارەی گونجاو بۆ دەربازکردنی ژنانی کورد لەو نەهامەتیانەی بەسەریدا هاتووە، 

نیگار ڕەشید محەمەد، چالاکوانی بواری مافەکانی ژنان،

ئەوەی خستەڕوو: "پێویستە خۆمان لەم هەموو دروشمانە بتەکێنین، هەروەها دەکرێت دەستکاری سیستەمی دەسەڵات بکەین بۆئەوەی ژن تیایدا بە ڕاستی جێگەی ببێتەوە، هەموو ئەو ژنانەی کە لە پێگە حیزبی و حکومیەکانن و لەناو ڕێکخراوەکاندان هەربۆئەوەیە کە بڵێن هەن، بۆیە ئێمە سەرەتایترین و بنەڕەترین و گەورەترین کارێک کە گرنگە ئەنجامی بدەین ئەوەیە دەستکاری سیستەمی دەسەڵاتی سیاسی بکەین، چونکە ئەو سیستەمە سیستەمێکی پیاوسالارە و دەنگی ژن تیایدا نابیسترێت و ڕەنگی ژن تیایدا نابینرێت، بەداخەوە ئەمڕۆ لە مەیدانی سیاسی و کۆمەڵایەتی و میدیا بەتایبەتی  دەبینین چی ڕۆڵێک دەگێڕێت بۆ بە کاڵاکردنی ژنان و میدیا ئەوکەسانە دەردەخات کە قسە بە ژنان دەکات، بەداخەوە ئێمە دەمانەوێت ژنێکی ئاسای بین کەچی جێگەمان نابێتەوە، ئێستا لە کوردستاندا دوو گروپ دروست کراوە، یەکێکیان ژنان دەپێچێتەوە و ئەوی دیکەشیان ژن دەدات لە قاڵب و ژنێکی سیلیکۆنیت بۆ دروست دەکات کە ئەمە وایکردووە ژن بووە بە یارییەک لە مەیدانی کۆمەڵایەتیدا و بەداخەوە ژنی ئاسای جێگەی نابێتەوە لە کۆمەڵگادا".