ڕوانگە - پاش ئەوەی سەرۆکی کاتی پەرلەمان دەرگای خۆپاڵاوتنی بۆ سەرۆکی پەرلەمان کردەوە تائێستا پێنج پەرلەمانتار خۆیان بۆ پۆستی سەرۆکی پەرلەمان کاندید کردووە.
لە یەکەم دانیشتنی ئەمڕۆی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان سەرۆکی کاتی پەرلەمان دەرگای خۆپاڵاوتنی بۆ سەرۆکی پەرلەمان کردەوە.
هەر بەپێی زانیارییەکان، تائێستا هەریەک لە کوردەوان جەمال لە فراکسیۆنی جوڵانەوەی نەوەی نوێ و شاڵاو کۆسرەت ڕەسوڵ و میران محەمەد لە فراکسیۆنی یەکێتی و ڤالا فەرید و هەڵگورد نەجیب لە فراکسیۆنی پارتی خۆیان بۆ پۆستی سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان کاندید کردووە.
کاتژمێر (١٢:٤٠) خولەکی دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ دووشەممە یەکەمین کۆبوونەوەی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان بە ئامادەبوونی چەندین کونسوڵ و نوێنەرى وڵاتان لە هەرێم و عێراق دەستیپێکرد و پەرلەمانتاران سوێندی یاساییان خوارد.