ڕوانگە - عەلی حەمەساڵح بڕیاردەری بەرەی هەڵوێست ڕایگەیاند، ئەوان ناچنە هیچ ڕێككەوتێنكەوە لەگەڵ یەكێتی و پارتی و ئۆپۆزسیۆنێكی چالاك دەبن لە پەرلەمانی كوردستان، هەروەها دەشڵێت، "لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان ساختەكاری كراوە و ئێمە دەنگ بە هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمان و حكومەت نادەین".
عەلی حەمەساڵح، ئەمڕۆ دوشەممە لە دوای كۆتاییهاتنی یەكەمین دانیشتنی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، ئەوان لەگەڵ یەكێتی و پارتی هیچ ڕێككەوتنێكی سیاسی ئەنجام نادەن و بەشداری لە هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمان و حكومەت ناكەن.
لەبارەی كۆبونەوەی ئەمڕۆی پەرلەمانەوە، دەڵێت، "بەداخەوە سیناریۆیەكی سیاسی دروستكرا بۆ ئەوەی بڵێن؛ پێشێلی پەیڕوەی ناوخۆی پەرلەمان ناكەین، بەڵام هەر خۆیان بەمەبەست نیسابیان تێكدا، لە هیچ كوێ دنیا نەبو حزبێت دو كاندیدی بۆ پۆستێك هەبێت".
ئاماژەی بەوەشكرد، ئۆپۆزسیۆنێكی جدی دەبن و دژی ئەو زوڵم و ستەمەی حوكمڕانی دەوەستێتەوە، بۆ ئەم دۆخەی كورستان ئۆپۆزسیۆنێكی ڕاستگۆ پێویستە، كە نەچێتە ڕێككەوتنی ژێبەژێرەوە و لەگەڵ یەكێتی و پارتی یاری بكات.
عەلی حەمەساڵح باسی لەوەشكرد، "ساختەكاری لە هەڵبژاردنی پەرلەكانی كوردستاندا كراوە، دوای ڕاوێژ لەگەڵ هاوڕێكانمان لە هەمو ناوچەكانی كوردستان، زۆرینەیان پێیان باشبو بەشداری پەرلەمان بكەین و ئۆپۆزسۆنێكی جدی بین و ساحە چۆڵ نەكەین، ئەوەش باشترین بژاردە بو، بەڵێنەدەین نوێنەری خەڵكی كوردستان و ئەوانەدەبین كە زوڵم و ستەمیان لێكراوە".