ڕوانگە - جارێکی دیکە دادگای کاڕگێریی بەغدا بڕیاردانی لەبارەی سکاڵاکەی پێکهێنانی حکوومەتی خۆجێیی کەرکووکی بۆ 24ـی ئەم مانگە دواخست.
چوارشەممە، 04-12-2024، حەسەن مەجید، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند "دادگای کارگێڕیی بەغدا، بڕیاڕدانی لەبارەی یەکلاییکردنەوەی سکاڵاکەی تایبەت بە پێکهێنانی حکوومەتی خۆجێیی و ئەنجوومەنی پارێزگاکە بۆ 24ـی ئەم مانگە دواخست، چونکە دادوەر داوای کردووە تەواوی بەڵگەکان کۆ بکرێنەوە، تاوەکوو بریاڕی کۆتایی لەسەر بدات."
سکاڵاکە لەلایەن پارتی دیموکراتی کوردستان، بەرەی عەرەبی و بەرەی تورکمانییەوە تۆمار کراوە و ئەمە بۆ پێنجەمین جارە بڕیاردان لەسەری دوا دەخرێت.
ئەنجامی کۆبوونەوەکەی هۆتێل ڕەشید
شەوی شەممە 10ـی ئابی 2024 بەبێ بەشداریی پارتی دیموکراتی کوردستان، بەرەی تورکمانی و ژمارەیەک ئەندامی عەرەبی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک لە بەغدا، پارێزگار و سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک هەڵبژێردران. ڕێبوار تەها بە پارێزگار و محەممەد حافزیش بە سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک هەڵبژێردران.
پێش ئەوەی کۆبوونەوەکە بکرێت، فراکسیۆنەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان، بەرەی تورکمانی و هاوپەیمانیی عەرەبی لە ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک لە سێ ڕاگەیەندراوی جیاوازدا ڕەتیان کردەوە بەشداریی کۆبوونەوەکە بکەن و بە "نایاسایی" ناویان برد.