ڕوانگە - ئەنجوومەنی مامۆستایانی پێشەنگ بەهۆى دواکەوتن و دابەشنەکردنی مووچەکانیان هۆشدارى توند بە حکومەت دەدەن و دەڵێن، لەئەگەرى جێبەجێنەکردنى داواکاریەکانمان هەموو ڕێگەیەکی یاسای و مەدەنی دەگرنەبەر بۆ بەدەست هێنانی مافەکانمان و بێدەنگ نابین.
ماوەى 64 رۆژە مووچەی مامۆستا و فەرمانبەران لە هەرێم دابەشنەکراوە، لە کاتێکدا بەغدا بڕى 761 ملیار دینار لەلایەن بەغداوە بۆ مووچە نێردراوە، بەرپرسانى هەرێمیش بە بیانووى کورتهێنان ئامادەنیین دەست بە دابەشکردنى مووچە بکەن.ئەمڕۆ چوارشەممە، لە شاری سلێمانی، ئەنجوومەنی مامۆستایانی پێشەنگ بەبۆنەی دابەشنەکردنی مووچەکانیان بە ئامادەبوونی چەند مامۆستایەک کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسییان ئەنجام دا و لە لە بەیاننامەیەکدا رایانگەیاند، ئەم سیاسەت و ڕەفتارەی دەسەڵات و حکومەتی هەرێم ڕەت دەکەینەوە و بە هەموو و شێوەیەک پشتیوانی و پشتگیریی لە ماف و داوا ڕەواکانی مامۆستا و فەرمانبەران دەکەین.
لە بەیانامەکەدا هاتووە، بە زووترین کات دەست بە دابەشکردنی مووچە بکرێت و لەوە زیاتر ستەم لە مامۆستایان نەکرێت و یاری کردن بە ژیان و هەستی مووچەخۆران ڕابگیرێت و چەند داواکارییەکمان هەیە جێبەجێ بکرێت.
هەر لە کۆنگرەکەدا داوایان لە دەسەڵاتداران کرد، بە زووترین کات مووچەکانی 10،11 و 12ى ئەمساڵ دابەش بکرێت، دەستپێکردنەوەی پلە بەرزکردنەوە، تەوتینکردنی مووچە، بەهەمیشەییکردنی مامۆستایانی گرێبەست، دیارییکردنی چارەنووسی مووچە پاشەکەوتکراوەکانی ساڵانی ڕابردووی مامۆستا و فەرمانبەران.لە کۆتایى بەیاننامەکەدا ئاماژەیان بەوە کرد، لە ئەگەری بەدەمەوە نەهاتن و جێبەجێنەکردنی داواکارییەکانی مامۆستایان ئاماژەی بەوەدا، هەموو ڕێگەیەکی یاسای و مەدەنی دەگرنەبەر بۆ بەدەست هێنانی مافەکانمان و بێدەنگ نابین.