ڕوانگە - دوای کەوتنی حکومەتەکەی بەشار ئەسەد سەرۆکی دەستەی تەحریر شام لە راگەیه‌ندراوێکدا وتی" داوای لە سەرجەم چەکدارانی کرد باڵەخانە حکومی و دامودەزگە گشتییەکان بپارێزن، و وتی" سەرۆکوەزیرانی سووریا، هەر لەسەر کارەکەی دەمێنێتەوە و کارەکان رایی دەکات".

لەدوای گەیشتنی چەکدارانی تەحریر شام بۆ ناو شاری دیمەشق، ئەبو محەممەد جۆلانی، سەرۆکی دەستەی تەحریر شام لە راگەیه‌ندراوێکدا وتی" داوای لە سەرجەم چەکداران دەکەم باڵەخانە حکومی و دامودەزگە گشتییەکان بپارێزن، داواشی لە سوپای سووریا کرد بەهیچ شێوەیەک لەنزیک باڵەخانە حکومییەکان نەمێنن".

جۆلانی ئاماژەی بەوەش کرد، تاوەکو قۆناخی دەستاودەستکردنی دەسەڵات، محەممەد غازی جەلالی، سەرۆکوەزیرانی سووریا، هەر لەسەر کارەکەی دەمێنێتەوە و کارەکان رایی دەکات.

ئەمەش لە کاتێکدایە کە بەرەبەیانی ئەمڕۆ دەستەی تەحریری شام و هێزەکانی دیکەی دژبەری حکومەتی بەشار ئەسەد چوونە نێو دیمەشقی پایتەختی سووریا و کەوتنی حکومەتەکەی بەشار ئەسەدیان راگەیاند.