ڕوانگە - مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات- هەسەدە رایگەیاند، بە نێوەندگیریی ئەمریکا لە منبج ئاگربەست کراوە، لەپێناو سەلامەتیی هاووڵاتیان و داهاتووی وڵات چەکدارانیان لە شارەکە دەبەنە دەرەوە.
فەرماندەی گشتیی هەسەدە نزیک بە کاژێر 02:00ـی ئەمڕۆ چوارشەممە لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس ئەمەی راگەیاند.
لە راگەیێندراوەکەدا دەڵێت، "لەکاتیکدا شەڕڤانانمان لە منبج بەردەوامن لە بەرگریکردن بۆ وەستاندنی ئەو هێرشانەی لە رۆژئاوای فووڕاتەوە دەکرێن، ئێمە بە نێوەندگیریی ئەمریکا گەیشتینە رێککەوتنێک بۆ ئاگربەست لە منبج، لەپێناو پاراستنی ئاسایش و سەلامەتیی هاووڵاتیان".
دەشڵێت، "شەڕڤانانی ئەنجوومەنی سەربازیی منبج، کە لە 27ـی 11وە بەرپەرچی هێرشەکان دەدەنەوە، بەزووترین کات لە ناوچەکە دێنە دەرەوە".
مەزڵووم عەبدی لەبارەی هۆکاری ئەم هەنگاوە ئاماژە بەوە دەکات، "ئامانجی ئێمە ئاگربەستە لە تەواوی سووریا و چوونە نێو پرۆسەی سیاسیە لەپێناو داهاتووی وڵات دا".
لەگەڵ سەرهەڵدانەوەی گەڕی ئەم جارەی شەڕ بە دەستپێشخەریی دەستەی تەحریری شام- هەتەشە، گرووپە چەکدارەکانی پاڵپشتیکراو لە لایەن تورکیاوە لە ناوچەکانی باکووری سوریا و بەتایبەت رۆژهەڵاتی فوورات رووبەڕووی شەڕڤانانی هەسەدە بوونەوە و لە منبج شەڕیان دەستپێکرد.
منبج شارێکی زۆرینە عەرەبنشینە و چەندین ساڵ بوو لە لایەن هەسەدەوە بەڕێوەدەبرا.