ڕوانگە - سەرۆکی پەرلەمانی ئێران ڕایگەیاند: " ئەوڕووداوانەی لە سوریا ڕوودەدەن لەناکاو نەبون، بەڵکو زیاتر حەتمی بون، ئێمە پێشوەختە حکومەتی سوریامان ئاگادارکردبوەوەو زانیاری دروستمان هەبوو لەسەر پلانو دیزاینی ئەوکەسانەی لەدەرەوەی سوریا دەستوەردانیان لەو بابەتەدا کردوە".
محەممەد باقر قالیباف سەرۆکی پەرلەمانی ئێران، ڕونیشیکردەوە:" ئەگەر لەکاتی خۆیدا وەڵامی ئەو هۆشدارانە بدرابایەوە، مەترسیی دوژمن پشتگوێنەخرایە، دەستپێشخەری دیالۆگیان لەگەڵ گەلی سوریا کردباو یەکێتیی نەتەوەیییان بەدەستهێنابا، ئەوا گەلی سوریا ئەمڕۆ لەنێو ئاژاوەی ناوخۆییدا نەدەبونو زیان بەمۆڵکو ماڵی گشتیی ئەو وڵاتە نەدەگەیشت"
سەرۆکی پەرلەمانی ئێران، ئاماژەی بەوەشکرد:"کوژرانی بەرپرسانی حزبوڵڵای لوبنانی بۆ ئەوان لەکەوتنی ئەسەد بەئازارتر بوو، ڕەنگە ڕوخانی حکومەتەکەی بەشار ئەسەد کێشە بۆ بەرەی موقاوەمەی ئیسلامی دروستبکات، بەڵام گروپەکانی موقاوەمە بەتایبەت حزبوڵڵای لوبنانی نیشانیانداوە کە ئەوان نەک هەر خۆیان لەگەڵ هەلومەرجە نوێیەکەدا دەگونجێنن، بەڵکو زیاتر لەجاران جوڵە دەکەن، وەکو ئەوەی لەدوای کوژرانی سەرکردە باڵاو مامناوەندەکانی بینیمان، حزبوڵڵا لەڕابردوو باشترو بەهێزتر دەرکەوتو قەوارەی زایۆنی (ئیسرائیل) ناچارکرد ئاگربەست قبوڵ بکات."