ڕوانگە - ژمارەیەک لە هونەرمەندان و چالاکوانانی مەدەنی و کەسایەتی دیاری شاری سلێمانی کەمپینی کۆکردنەوەی کۆمەک و هاوکارییان بۆ کوردانی ڕۆژئاوا ڕاگەیاند.

گەزیزە عومەر،  هونەرمەند و یەکێک لە ئەندامانی گروپی کۆکردنەوەی کۆمەک و هاوکاری بۆ ڕۆژئاوا ڕایگەیاند:" ئەم بارودۆخە هەستیارەی ئەمڕۆکە ناوچەکەی تێکەوتووە بووە بە خەمێکی گەورەی هەموو خەڵکی کوردستان بۆیە ئێمە لێرەوە ڕایدەگەیەنین، داوا لە هەموو سەرمایەدارەکان و هەموو ئەوانەی خۆیان بە خەمخۆری میللەتی کورد دەزانن لەم بارودۆخەدا کەمپینێک ڕابگەیەنن بۆ کۆکردنەوەی کۆمەک و هاوکاری بۆ هاونیشتیمانیەکانمان لە ڕۆژئاوا."

وتیشی: "ئەم کۆمەک و هاوکاریانە بۆ پشتیوانییە لە هاوزمانەکانمان لە ڕۆژئاوا کە لەسەر زێدی خۆیان هەڵکەنراون و ئاوارە و دەربەدەر بوون

گەزیزە عومەر ڕونیشیکردەوە:" ئێمە بە هاونیشتیمانیەکانی خۆمان لە ڕۆژئاوا دەڵێین ئێمە لێرەوە بەهەموو جۆرێک پشتیوانتانین بۆئەوەی بەزوترین کات، لەدەست ئەو داگیرکەرانە ڕزگارتان بێت، ئاماژەی بەوەشکرد، ئەمە ئەرکێکی نیشەیمانییە لەسەرشانی هەموو کەسێک کە بەپێی توانای خۆیان بتوانن هاوکاری خەڵکی ڕۆژئاوابکەن."

گەزیزە عومەر، ئاشکرایشیکرد:"ئێمە لەم کەمپینەدا تەنها دەتوانین هاوکاریەکان لەڕووی مادییەوە بگەیەنین، چونکە ئەو بەربەستانەی لەسەر سنورەکان لەبەردەمماندایە ناتوانین هیچ شتێکی دیکە بگەیەنینە هاوزمانەکانی خۆمان لە ڕۆژئاوا جگە لە گەیاندنی کۆمەکی دارایی نەبێت، باسی لەوەشکرد، ڕاستە ئێستا خەڵکی باشوری کوردستان لە قەیرانێکی قوڵی دارایدان، بەڵام ئەمە ئەوە ناگەیەنێت ئێمە دەستەوەستان بین و هیچ کۆمەکێک نەگەیەنین بە خوشک و براکانمان لە ڕۆژئاوا."