ڕوانگە - فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) لە پەیامێکدا داوا دەکات لە قۆناغی دوای رژێمی بەشار ئەسەد، لایەنە کوردییەکان یەکگرتوو بن و جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە کە یەکێتیی نیشتمانیی کورد لە سوریا بووەتە پێویستییەکی مێژوویی.
مەزڵوم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) لە پلاتفۆڕمی ئێکس پەیامێکی بڵاوکردەوە و تیایدا دەڵێت "یەکێتیی نیشتمانیی کورد لە سوریا بووەتە پێویستییەکی مێژوویی و بۆ وەلامدانەوەی مەترسییەکانی ئەم قۆناغە".
مەزڵوم داوا لەلایەنە کوردییەکان دەکات، خۆیان لەبەرژوەندیی حیزبی بەدووربگرن و بەشێوەیەکی ئەرێنی بەدەم بانگەوازە میلییەکان بۆ گفتوگۆ و یەکخستنی هەڵوێستەوە بڕۆن.
هەروەها داوا لە هەموو لایەک دەکات "مامەڵەی ئەرێنییان لەگەڵ هەوڵەکانی ئێستا بۆ بەدیهێنانی یەکێتیی نیشتمانیی کورد هەبێت، بۆ ئەوەی بگەن بە هەڵوێستێکی پشتیوانیکار لە گفتوگۆی سوری و بەشداریکردن لە بنیاتنانی داهاتووی سوریایەکی دیموکراتی فرەڕەنگ.
ئەمەش لەکاتێکدا، لایەنەکانی سوریا لە دوای روخانی رژێمی بەشار ئەسەد لە هەوڵدان سیستمێکی نوێ بۆ بەڕێوەبردنی وڵاتەکە دابنێن.