ڕوانگە ـ لە وتوێژی لەگەڵ پەیامنێری ڕوانگە، لە بارەی باردۆخی سوریا دوای نەمان و لەناوچونی حکومەتەکەی بەشار ئەسەد و هەروەها ڕۆڵی تورکیا لەم قۆناغەی ئێستادا و نێت و مەرامەکانی تورکیا بەرامبەر بە کورد لە ڕۆژئاوای کوردستان، دکتۆر مەحمود عوسمان، سیاسەتمەداری دیاری کورد، ڕایگەیاند:لە ساڵی 2011 ناڕەزایەتییەکی زۆر دژی دەسەڵاتەکەی ئەسەد بەرپابوو، دەبوو هەر ئەو وەختە دەستبەرداری دەسەڵات بێت،بەڵام دیاربوو ڕوسیا و ئێران نەیان هێشت واز لە دەسەڵات بێنێت، هەرچەندە حکومەتەکەی دووچاری کۆمەڵێک گرفتی گەورە ببوو.
وتیشی: "ئێستا و دوای ئەو ڕووداوانەی کە لە سوریادا ڕوویانداوە ڕوسیا و ئێران ئەو ڕۆڵەی جارانیان لە سوریادا نەماوە و لە بەرامبەردا تورکیا توانیویەتی شوێنی خۆی بکاتەوە، کە ڕوونە ئەمەریکا و ئیسرائیل هاوکارن لەم دۆخەدا، لەبەرئەوە چاوەڕێ دەکرێت بزانرێت سوریا خۆیان چی هەنگاوێک دەنێن".
دکتۆر مەحمود عوسمان، ڕونیشیکردەوە:"هێشتا زووە بۆئەوەی بزانین یاخود بڕیار لەسەرئەوە بدەین کە بزانین سوریا چی بەسەردێت و چۆن لە داهاتوودا حکومەت پێکدەهێنن، ئاماژەی بەوەشکرد، ئیسرائیل لەم قۆناغدا لە سوریا دەستیکردووە بە لەناوبردنی چەکە ئەساسییەکان و ئێستا سوریا دۆخێکی لاوازی هەیە."
دکتۆر مەحمود عوسمان، سیاسەتمەداری کورد باسی لەوەشکرد: "ئەو هێزانەی کە هێرشیان کردۆتە سەر سوریا تەنها یەک هێز نین و ژمارەیەکی زۆر میلیشیان و لەوانە بەهێزترینیان گروپی چەکداری تەحریری شامە، کە لەناو ئەو هێزانەدا هەیە سەربە دەوڵەتی تورکیایە و بەشێکیشیان سەر بە لایەن و دەوڵەتی دیکەن بۆیە دەبێت چاوەڕوان بین بۆئەوە بەباشی لەوە تێبگەین کە بەنیازن چیبکەن و دەیانەوێت چۆن حکومەت دروست دەکەن، کە ئەمەش وایکردووە بارودۆخەکە زۆر جێگیرنەبێ."
لە بارەی ڕۆڵ و ئامانجی تورکیا لە سوریا، دکتۆر مەحمود عوسمان، ڕونیکردەوە:"ئەو هێزانەی کە ئێستا لە سوریا ڕۆڵیان هەیە هەموویان لە پێش ساڵی 2011 ەوە، لە تورکیا بوون و تورکیا بەخێوی کردوون و چەکی تورکییان پێیە و بە پشتیوانی تورکیا هەنگاویان ناوە، هەرچەندە دیارە تورکیا لە لایەن ئەمەریکاوە گڵۆپی سەوزی بۆ هەڵکراوە و لەولاشەوە ئیسرائیل لەناو ئەم هاوکێشەیەدا ڕۆڵی هەبووە، وە تورکیا کە ئێستا لە سوریا ڕۆڵ دەگێڕێت دیارە کە کۆمەڵێک ئامانجی هەیە، بەتایبەت بەرامبەر بە کوردانی ڕۆژئاوا کە دەیەوێت ڕۆژئاوا لاوازبکات و هێزە کوردییەکان بە تیرۆرست دەزانێت و نایەوێت کورد لە سوریا بەگشتی و لە ڕۆژئاوا بەتایبەتی ڕۆڵیان نەبێت ئەگەر هەشبن دەبێت چەکەکانیان دابنێن و چەک ڕادەستی دەوڵەت بکەن، کە ئەوە نیازێکی زۆر خراپە، بۆیە پێویست دەکات هێزە کوردییەکان بۆ وەڵامدانەوەی ئەم مەرامەی تورکیا، یەکگرتووبن و دەبێت هەوڵبدەن لەگەڵ دیمەشقدا دەست بە گفتوگۆ و دانوستان بکەن بۆئەوەی بتوانن چارەسەرێک بۆ خۆیان بدۆزنەوە."