ڕوانگە - مه‌سعود بارزانى سه‌رۆكى پارتى دیموكراتى كوردستان لە پەیامێکدا ڕایگەیاند:"لێدوانێکی (ئه‌حمه‌د الشرع)م لەبارەی گەلی کورد لەسوریا بینی کە گەلی کوردی وەک بەشێک لە نیشتیمان‌ و هاوبەش لە سوریای داهاتوو وەسفکردبوو"، ئاماژەی بەوەشکردووە:"ئەم تیڕوانینە بۆ کوردو داهاتوی سوریا جێگەی خۆشحاڵییەو پێشوازیی لێدەکەین".

دوای ئەوەی ئەحمەد ئەلشرع ناسراو به‌(ئەبو محەممەد جۆلانی) سەرکردەی تەحریر شام بڵاویکردەوە، "کورد بەشێکە لەنیشتمان‌و هاوبەشە لەسوریای داهاتودا، بەگوێره‌ى یاسا پێکەوە دەژین". لای خۆیەوە، مه‌سعود بارزانى سه‌رۆكى پارتى دیموكراتى كوردستان په‌یامێكى بڵاوكرده‌وه‌و ڕایگه‌یاند، "لێدوانێکی (ئه‌حمه‌د الشرع)م لەبارەی گەلی کورد لەسوریا بینی کە گەلی کوردی وەک بەشێک لەنیشتیمان‌و هاوبەش لەسوریای داهاتوو وەسفکردبوو، ئەم تیڕوانینە بۆ کوردو داهاتوی سوریا جێگەی خۆشحاڵییەو پێشوازیی لێدەکەین‌و هیوادارین ئەمە دەستپێکێک بێت بۆ ڕاستکردنەوەی ڕێڕەوی مێژوو و ڕاستکردنەوەی ئەو مامەڵە هەڵەو نادروستەی لەبەرامبەر گەلی کورد لەسوریا ئەنجامدەدرا".

بارزانی ڕونیشیکردەوە، "ئەمجۆرە تیڕوانینە ڕێخۆشکەرە بۆ بونیادنانی سوریایەکی بەهێزو پێویستە کوردو عەرەب‌و سەرجەم پێکهاتەکانی تری سوریا سود لەم دەرفەتە وەربگرن، بۆ ئەوەی پێکەوە لەدامەزراندنی سوریایەکی سەقامگیرو ئازادو دیموکرات بەشداربن".