ڕوانگە - وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان لیستی مووچەی مانگی تشرینی یەکەمی بڵاوکردەوە و لە سبەینێ سێشەممە 17 کانوونی یەکەمی 2024 دابەشکردنی مووچە دەستپێدەکات و رۆژی 23ـی کانوونی یەکەمی 2024 کۆتایی دێت.

وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان لە راگەیەندراوێکدا ڕایگەیاند:" ڕۆژی سێشەممە 17ـی کانوونی یەکەمی 2024، دەست بەدابەشکردنی مووچەی مانگی تشرینی یەکەمی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان دەکرێت و ڕۆژی دووشەممە 23ـی کانوونی یەکەمی 2024 کۆتایی دێت.

لە راگەیەندراوی وەزارەتی دارایی و ئابووری ئاماژە بەوەشکراوە، ئەو بڕە پارەیەی کە لەتەرخانکراوەکانی پشکی هەرێمی کوردستان بۆ پڕکردنەوەی کورتهێنانی مووچە بڕیاری گواستنەوە ( مناقلة )ی لەسەردراوە هێشتا تەمویلەکەی نەخراوەتە سەر هەژماری بانکی وەزارەتی دارایی و ئابووری هەروەها ئەوەشخراوەتەڕوو،  پارەی مووچەی مانگی تشرینی دووەم کە لەلایەن وەزارەتی دارایی عێراقەوە بڕیاری خەرجکردنی دراوە بەهەمان شێوە هێشتا نەخراوەتە سەر هەژماری بانکییان.

ئەوەش ئاشکرا کراوە:" هەر فەرمانبەرو مووچەخۆرێک کە تاوەکو ئێستا خۆی لە سیستەمی بایۆمەتری تۆمارنەکردووە، مووچەکەی لەفەرمانگەکەی خۆی رادەگیرێت تا لەماوەی ئەم چەند ڕۆژەی کۆتایی ساڵدا کۆدی بایۆمەتری بۆ دەکرێت ئەوسا مووچەکەی بۆ خەرج دەکرێت.