ڕوانگە - سەرچاوەیەک لە وەزارەتى دارایى و ئابوریی هەرێمی کوردستان رایگەیاندووە،  ئەگەری هەیە پێش سەری ساڵ مووچەی مانگەکانى 11 و  12ش دابەش بکرێت.

دوێنێ سێشەممە وەزارەتی دارایی و ئابورى هرێم رایگەیاند، لەلایەن وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدراڵییەوە بڕی 631 ملیارو 335 ملیۆن دینار لەکۆی تەمویلی مووچەی مانگی تشرینی دوەمی فەرمانبەران‌ و موچەخۆرانی هەرێم خرایەسەر هەژماری بانکی وەزارەتمان لە لقی هەولێری بانکی ناوەندیی عێراق.

ئەمڕۆ چوارشەممە سەرچاوەیەک لەوەزارەتی دارایی هەرێم به‌میدیاى نزیك له‌پارتى وتووه‌، "چاوەڕێین گواستنەوەی 430 ملیارەکە بکرێت بۆ ئەوەی دەست بەدابەشکردنی موچەی مانگی 11ش بکەین  ئەگەر بەغدا ئەو 430 ملیار دینارەی نەگواستەوە بۆ پڕکردنەوەى کورتهێنانى مووچە، ئەوا لەداهاتی ناوخۆ ئەو کورتهێنانە پڕدەکەینەوەو موچە دابەشدەکەین".

بە وتەى سەرچاوەکە، ئەگەر 430 ملیارەکەش نەگواسترایەوە، ئەوە پێش سەری ساڵ موچەی مانگی 11 دابەشدەکرێت، لیستی موچەی مانگی 12 لەوردبینی ژمێرکاریدایەو ئەگەری هەیە پێش سەری ساڵ موچەی مانگی 12ش دابەشبکرێت".

دابەشکردنى مووچە لەکاتێکدایە، ماوەى دوو رۆژە شاندێکی تەکنیکی وەزارەتی دارایی عێراق بۆ پرسى مووچه‌ لەهەرێمن و لەگەڵ بەرپرسان کۆبوونەوەکانیان بەردەوامە و بە وتەى وەزیرى دارایى هەرێمیش هەموو کارئاسانییەکمان بۆ لیژنەکەی عێراق کردووە، لە پێناو چارەسەرکردنی کێشەکانی مووچەدا هەموو یەکە ئیدارییەکانمان راسپاردووە له‌ماوه‌ى كه‌مترله‌ هه‌فته‌یه‌ك کارئاسانی تەواو بۆ لیژنەکەی عێراق بکەن.