ڕوانگە - جەیشی دەوڵەتی تورکیا گەر خۆی نەوستێت، نەک تەنها دەوستێندرێت، بەڵکو خراپ تێکدەشکێندرێت، بە ئەگەرێکی زۆرەوە لەسەر خاکی کوردستان و لە کۆبانێ، خۆیان ناگرنەوە  تا ئیزمیر و ئەستەنبۆل، کۆنستنەنتینەکەی گەلانی رۆمی ئەرثۆدۆکسی ئێستا و جاران. مێژووی ناوچەکە لەگەڵ هاتنی تورک و عوسمانیەکان دەستی پێنەکردوە، تا لەگەڵ ئەوان تەواو بێت. خەڵکی تر پێش ئەوان لێرە بوون و نەوەکانیان هێشتا لێرەن، زۆر بەهێزترن بەراورد بە تورکان لەسەروبەندی روخانی دەوڵەتی عوسمانی و دامەزراندنی تورکیای نوێ. 

لەسەروبەندی رووخانی دەوڵەتی عوسمانی، هێزە داگیرکەرەکانی ئەوکات بەو مەرجە رەزامەندییان لەسەر دامەزراندنی دەوڵەتی نوێ تورکیا لەلایەن ئەتاتورکەوە کرد، کە جگە لەوەی نابێت داوای خاکی ژێر دەستی دەوڵەتی عوسمانی کۆن بکاتەوە، دەبێت کۆی قەرزە کەڵەکەبوەکانی سەر دەوڵەتی عوسمانییش بگرێتە ئەستۆ. بۆیە کاتێک دەوڵەتی ئێستای تورکیا داوای خاکی دەوڵەتی عوسمانی دەکاتەوە، ئەوە جگە لەوەی پێشێلکاری بنەماکانی رێککەوتنامەی دامەزراندنی خۆی دەکات، کە لۆزانی بەسەرچووە، بەڵکو دەرگا بەروی هەموو ئەو گەلانە دەکاتەوە، کە داوای میراتی پێش دروستبونی دەوڵەتی عوسمانی لە تورکیای ئێستا بکەنەوە. لە  یۆنان بولغاریاوە بگەرە تا ئەرمەن و کورد، عەلەوەی و عەرەبی سوننە و جو ، سەت ساڵی رەبەقە، نەوە دوای نەوە، لە مەدرەسە و زانکۆ و میدیاکانیان، لە شیعر و هونەر و ئەدبیاتی سیاسیان، دژی زوڵم و زۆرداری دەوڵەتی عوسمانی جاران و تورکیای ئێستا جۆش دەکرێن. چما ئەوە کەمە؟  

بۆیەش ئەو قومارەی دەوڵەتی تورک لە شام دەیکات، لە حەفەت ئەگەر، تەنها ئەگەرێک لە قازانجی ئەوان دەبێت. ئەگەر ئەوان تەنها کارتی عوسمانیەکانیان و چەک و جبەخانەیان بەدەست بێت، خەڵکی تر کارتەکانی پێش و پاش دەوڵەتی عوسمانیان بەدەستە. جگە لەوەش لەناوچەکە چەک و پارە و تەکنەلۆجیا تەنها بەدەست دەوڵەتی تورکیاوە نییە، خەڵکانی تر، لە دوو تا حەفت ئەوەندەی ئەوانیان هەیە، هەرەوەها، خەڵکی تریش وەک تورکان، چاوی لە وەرگرتنەوەی میراتی مێژوویی باوباپیرانی خۆیەتی لە تورکان. ئەوانیش تەنها چاوەڕێیی کاتی گونجاو دەکەن بۆ دابەشکردنی خاکی ئێستای تورکیا بەسەر خۆیان. 

لە ئێستادا زیاتری نێوەی جیهان هاوسۆزە لەگەڵ پرسی کوردان، زۆر پریشن لە سیاسەتی دەوڵەتی ئێستای تورکیا بەرامبەر بە کورد و جیهان. گەر کورد خاوەنداریی لە پرسی خۆی بکات، جیهان چاری نییە، دەبێت بێتە سەر هێلی گەرم، کە لەبەر بەرژەوەندی خویان هەر دەبی بێن، بەڵام گەر کورد ببننەوە بە سوارەی حەمیدی بۆ خزمەتکردن و هەڵساندنەوەی سوڵتانی تورکان، گومانتان نەبێت لە درێژکردنەوەی سزای سەد ساڵەی رابردووی گەلان بۆ سەر کوردان، وەکو لۆزان.