ڕوانگە - لەبارەی ئایندەی ئەو ململانێیانەی کە ئێستا لەسەر خاکی سوریا بەڕێووە دەچێت و هەروەها ڕۆڵی تورکیا لەناو هاوکێشەکانی سوریا و خستنەڕووی ئەو ئاستەنگیانەی کە ڕووبەڕووی دەبێتەوە، پەیامنێری ڕوانگە، گفتوگۆیەکی لەگەڵ بورهان عەبدولڕەحمان، چادێری سیاسی، ئەنجامداوە و  ناوبراو ڕایگەیاند:"ئەو ململانیانەی کە ئێستا لە سوریا ڕوودەدات درێژکراوەی ململانێی جەمسەرەکانی هەم جیهانی و هەمیش ناوچەکەیە، بۆ نمونە، جەمسەری جیهانی ئەمەریکا و ڕووسیا، جەمسەری ناوخۆیش تورکیا و کوردەکان و هەروەها جەمسەری ناوخۆی ئێران و ئیسرائیل، کەواتە ململانێی جەمسەرە جیهانی و ناوخۆییەکان لەسەر خاکی سوریا کە بوونی هەبوئێستا چووەتە قۆناغێکی دیکەوە.

وتیشی: "ڕووسیا و ئێران تاڕادەیەک لەم ململانێیانەدا سڕکراون، بەڵام ئێستا سەرەتای دەستپێکردنەوەی ململانێی ناوچەییە، لە نێوان ئیسرائیل و تورکیا کە لە ئێستاوە خەت و خاڵی ململانێیەکانیان خەریکە دەردەکەوێت لەسەر زەوی سوریا و هەمیش لەسەر نەتەوە جیاوازەکانی ناو سوریا."

ئاماژەی بەوەشکرد: "تورکیا ڕووبەڕووی کوردەکان دەبێتەوە و بەناوی ئاسایشی نەتەوەیی تورکیاوە دەیەوێت پاکتاویان بکات، لەبەرامبەریشدا ئیسرائیل دەیەوێت پاکتاوی توندڕەوە ئیسلامییەکان بکات وەکو تحریری شام و هاوشێوەکانی، چونکە لێیان دەترسێت و جێگری وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل، ڕایگەیاند:محەمەد جۆلانی گورگە و لە پێستی مەڕدا، هەروەها بنیامین ناتانیاهۆ لەسەر شاخی شێخ کۆبوونەوەی ئاسایشی نەتەوەی کرد و وتی: تاوەکو ئاسایشی نەتەوەی نەپارێزین ئەوێ چۆڵناکەین، کەواتەدەبینین ململانێیەکی دیکە بەشێوازێکی دیکە لەناو سوریا دەستپێدەکات."

بورهان عەبدولڕەحمان، ئاماژەی بەوەکرد:"سوریا دەبێت بە خاکی ململانێی نێوان جەمسەرەکان و تاڕادەیەک ململانێ جیهانییەکانی بڕیوە و ئێستا هاتۆتە سەر ململانێ ناوچەیەکان، ئیدی دەبێت بە ناۆچەی ململانێی هەرێمایەتی و هەروەها ململانێی ناوخۆیی نەتەوە جیاوازەکان."

لە وەڵامی ئەو پرسیارەی کە ئایە لەم ململانێیانەدا چۆن لە ڕۆڵی تورکیا دەڕوانن، ئایە تورکیا هەر ئاوا دەتوانێت لە ناو سوریادا ئامانجەکانی خۆی بپێکێت، یاخود لە ململانێی لەگەڵ ئیسرائیل دا دووچاری شکست دەبێتەوە ؟ بورهان عەبدولڕەحمان، ڕونیکردەوە: "تورکیا لە ئێستادا ڕۆڵی چالاکترین دەوڵەت دەبینێت، بەڵام ئەم ڕۆڵە دەگۆڕێت لەبەر دوو هۆکار؛

یەکەم/ تورکیا بنەمایەکی ئیسلامی توندڕەوی تێداهەیە.

دووەم/ نەمایەکی نەتەوایەتی زۆر شۆڤێنی تێدایە، کە ئەم دوو هۆکارە یەکناگرنەوە لەگەڵ پێکهاتەی ناوچەکە و لەگەڵ دروستبوونی دەوڵەتی نوێی مەدەنی لە سوریا ئەگەر مەدەنی بێت، بەڵام لەهەمانکاتدا ئێسرائیل بوونی هەیە کە ئەو دوو خاڵەی تورکیا، بۆ ئیسرائیل بە خەتەر دەیبینێت، چونکە ململانێی هەر ئیسلامییەک لە ناخیا ئێستابوونی دژایەتیکردنی جولەکەی هەیە، تا ئەم لایەنە ئیسلامییە توندتربێت ململانێیەکە تووندتر دەبێت. ئێسرائیل باش لەمە تێدەگات و باش سایکۆلۆژیەتی تاکی عەرەبی ئیسلامی خوێندۆتەوە بۆیە ناکۆکیەکان جارێکی دیکە دەستپێدەکاتەوە و ڕۆڵی تورکیا تا ماوەیەک دەڕوات، بەڵام دواجار توشی ئاستەنگی زۆر گەورەگەورە دەبێتەوە.

ناوبراو سەبارەت بە ئاستەنگییەکانی توکیا وتی: ئاستەنگەکان یەکیان لەناوخۆی خودی تورکیادایە و ئێستا بنەمای ڕووبەڕووبوونەوەی ئاستەنگی دەسەڵاتی ئاک پارتی، بونی هەیە و بەهێزتریش دەبێت، لە هەمانکاتیشدا کە شەڕ دەباتە دەرەوەی سنورەکانی خۆی ڕووبەڕووی کوردەکان دەبێتەوە وە لەبەرئەوەی کوردەکان ڕابردوویەکی باشیان هەبووە لە دژایەتیکردنی ئیسلامی توندڕەو کە ناوی داعش بووە، تا ئەم ساتەی ئێستا ئەمەریکا بەهێزێکی کاریگەری تێکشێنەری ئیسلامی توندڕەوی دەبینێت و ئیسرائیلیش دڵی بەمە خۆشە، بۆیە هاوپەیمانێتیەکانی ئایندە کورد دەتوانێت بە چالاکی و هۆشیاری خۆی داخڵبێت، بەڵام چەند زەرەری بۆ ناوچەی عەرەبی دەبێت ئەوەش بەرکەوتەی دیکەی تێدا دروست دەبێتەوە، چونکە عەرەبەکانیش لەسەر دووبنەما کاردەکەن، بنەمایەکی کلتوری عەرەبی قەومی و هەروەها بنەمایەکی ئیسلامی  کە هەردوو حاڵەتەکە حاڵەتی تووندڕەوی دروست دەکەن کە ڕاستەوخۆ دژمنایەتی بەرامبەر بوونی هەیە