ڕوانگە - ڤلادیمێر پوتین لەسەر پرسی کورد ڕایگەیاند پێشتر بەشێک لە بەرپرسانی ئەوروپی بەڵێنی دەوڵەتی سەربەخۆیان بە کورد داوە و بەڵام دواتر بەڵێنەكەیان جێبەجێ نەكردوە، جەختیشی کردەوە لەوەی پێویستە پرسی کوردی لە چوارچێوەی گۆڕانکارییەکانی ناوچەکەدا چارەسەر بکرێت.

ڤلادیمێر پوتن، سەرۆکی رووسیا، لە بەشێکی گەورەترین کۆنفرانسی رۆژنامەوانی ساڵانەیدا رایگەیاند:  دەبێت پرسی کورد لەچوارچێوەی گۆڕانکارییە نوێیەکاندا چارەسەر بکرێت، تورکیاش دەبێت ڕێز لە سەروەری و یەکپارچەیی خاکی هەمو وڵاتان بگیرێت.

وتیشی: تورکیا هەمو هەوڵێک دەدات بۆ دەستەبەرکردنی ئاسایشی سنورەکانی باشوری خۆی و گەڕانەوەی ئاوارەکان بۆ سوریا، ڕەنگە گروپە کوردییەکان لە سنورەکان دور بخاتەوە، ڕەنگە هەمو ئەمانە مومکین بن و نەتواندرێت جێبەجێ بکرێن.

سەرۆکی ڕوسیا ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد: پێویستە میساقی نەتەوە یەکگرتوەکان کە مافی چارەنوسی گەلان دیاری دەکات، جێبەجێ بکرێت، پێشتر بەشێک لە بەرپرسانی ئەوروپی بەڵێنی دەوڵەتی سەربەخۆیان بە کورد داوە و بەڵام دواتر بەڵێنەكەیان جێبەجێ نەكردوە، ئەمە پرسێکی زۆر ئاڵۆزە کورد خەباتکاری بەتوانایە و دەبێت پرسی کورد لەچوارچێوەی گۆڕانکارییە نوێیەکاندا چارەسەر بکرێت.