ڕوانگە - فەرماندەی گشتی هەسەدە مەرجێكی توركیا بۆ جێبەجێكردنی ئاگربەستی هەمیشەیی پەسەند دەکات و دەڵێت، بەهۆی پێشهاتە نوێیەكانی سوریاوە، ئێستا كاتی گەڕانەوەی چەكدارە بیانیەكانە بەسەربەرزییەوە بۆ ناوچەكانیان.
مەزڵوم عەبدی، لەدیدارێكدا لەگەڵ ئاژانسی ڕۆیتەزر، ڕایگەیاند: ئەو چەكدارانەی لەسەرتاسەری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە هاتون بۆ پشتیوانی هێزەكانی ڕۆژئاوای كوردستان دەگەڕێنەوە بۆ ناوچەكانیان، ئەگەر ئاگربەست لەگەڵ توركیا بۆ وەستاندنی شەڕ لە باكوری سوریا جێبەجێ بكرێت.
فەرماندەی گشتی هەسەدە، وتیشی: ئەو چەكدارانە یارمەتی هەسەدەیان داوە لە بەرەنگاربونەوەی داعش لەماوەی 10 ساڵی ڕابردودا، هەندێكیان بەتێپەڕبونی كات گەڕاونەتەوە بۆ وڵاتەكانیان و هەندێكی تریان ماونەتەوە بۆ بەرەنگاربونەوەی داعش، ئێستا كاتی گەڕانەوەی ئەو چەكدارانەیە ئەگەر ئاگربەست جێبەجێ بكرێت.
عەبدی، دەشڵێت: ئێستا دۆخێكی جیاواز لەسوریادا هەیە، ئەوانیش قۆناغێكی سیاسیان دەستپێكردوە، پێویستە لەسەر سورییەكان خۆیان كێشەكانیان چارەسەر بكەن و ئیدارەیەكی نوێ پێكبهێنن.