ڕوانگە - باربارا لیف، یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بۆ کاروباری رۆژهەڵاتی نزیک سەرۆکایەتیی شاندێکی ئەمریکای بۆ کۆبووەنەوە لەگەڵ دەسەڵاتی نوێی سووریا کرد. 

 لیف لەگەڵ ئەحمەد شەرع ناسراو بە ئەبو محەممەد جۆلانی، فەرنڕەوای دیفاکتۆی سووریا لە دیمەشق کۆبووەوە و باسیان لە چەندین مژاری پەیوەست بە سووریا کرد.

 دەرفەتێک بۆ بونیادنانەوەی سووریا

 باربارا لیف دوای کۆبوونەوەکە لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیی سەرهێڵ [ئۆنلاین]، باسی کۆبوونەوەکەی کرد و گوتی: "ئێمە ئەمڕۆ، لە 2012ـوە وەک یەکەم دیپلۆماتی ئەمریکی گەیشتینە دیمەشق. گەشتێکی کورت بەڵام زۆر گرنگ بوو. دەرفەت هەبوو بۆ ئەوەی لەگەڵ سووریاییەکان کۆببینەوە و راستەوخۆ گوێمان لێیان بێت، بەتایبەت لەم کاتە مێژووییەی ئێستای سووریا."

لیف گوتی: "دوای پێنج دەیە لە ستەمکاریی رژێمی ئەسەد، ئێستا سووریاییەکان دەرفەتێکی بێوێنەیان هەیە بۆ ئەوەی وڵاتەکەیان بنیادبنێنەوە و سیماکەی بگۆڕن."

 ئاگربەست لە منبج و کۆبانێ 

 باربارا لیف ئاماژەی بە دوو تەوەری سەرەکی کرد کە "ئاگربەست" و "دۆخی کورد" بوون لەو وڵاتە. خانمە دیپلۆماتەکە گوتی: "ئێستا ئاگربەستێک لە منبج هەیە، ئەوەش دەبێتە بارسووککردنی ئەو زیانە گەورەیەی بەر ژێرخانەکەی کەوتووە، لەوانەش سنووری بەنداوی تشرین."

 لیف گوتی، هەوڵ هەیە بۆ ئەوەی ئاگربەست لە کۆبانێش رابگەیێندرێت و رایگەیاند، "گفتوگۆ و دانوستاندن لەگەڵ سەرکردەکانی تورکیا و هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) هەیە. کوردەکانی باکووری رۆژهەڵاتی سووریا دووچاری سەرکوتکردنی زۆر بوونەتەوە. ئەو هەلومەرجەی کە وایکرد کوردەکانی باکووری رۆژهەڵاتی سووریا بەرگری لە خۆیان بکەن و خۆیان یەکبخەنەوە، ئێستا گۆڕاوە، ئەوەش رەنگدانەوەی گۆڕانکارییە دراماتیکییەکانی ناوچەکەن. دۆخ بۆ کوردەکان گۆڕاوە."

 لیف کوردی رۆژئاوای کوردستانی بە "هاوبەش" ناوبرد و گوتی: "کوردە هاوبەشەکان رۆڵێکی گرنگیان لە شەڕی داعش گێڕا. ئێستا هێزەکانی سووریای دیموکرات رۆڵێکی گرنگیان لە بەڕێوەبردنی ناوەندەکانی دەستبەسەرکردنی ئەندامەکانی داعش و کامپی هۆل هەیە."

 کۆبوونەوە لەگەڵ ئەحمەد شەرع

 یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمریکا گوتی، لەگەڵ حکومەتی کاتی کۆبووەتەوە، لەوانەش ئەحمەد شەرع.

 لەبارەی مژاری گفتوگۆی نێوانیان، سەرۆکی شاندە ئەمریکییەکە گوتی: "بۆ گفتوگۆکردن بوو لەسەر ئەو بنەمایانەی ئەمریکا و هاوبەشانی ناوچەکە هاوڕابوون لەسەریان. دەمانەوێت کردار ببینین، نەوەک تەنیا گوێمان لە قسە بێت."

 پێشتر ئەمریکا خەڵاتی 10 ملیۆن دۆلاری بۆ هەر کەسێک دانابوو کە زانیاری لەسەر شوێنی ئەحمەد جۆلانی بدات کە ببێتە هۆی کوشتن یان دەستگیرکردنی. ئەمڕۆ باربارا لیف باسی ئەوەی کرد کە ئەمریکا ئەو ئۆفەرەی نەماوە و گوتی: "ئێمە بەدوای خەڵاتی دادپەروەرییدا نابین."

 رۆڵی تورکیا و سەقامگیریی ناوچەکە

 باربارا لیف گوتی: "تورکیا بەهۆی مێژووەکەی، کاریگەریی زۆری لەسەر ناوچەکە هەیە. دەمانەوێت سووریایەک ببینین کە سەروەریی تەواوی هەبێت، هەروەها پەیوەندیی بنیادنەرانە لەگەڵ دراوسێیەکانی دروستبکات. دەبێت سووریایەکی سەقامگیر ببێتە هۆی کۆتاییهێنان بە نادڵنیایی، ناسەقامگیری و بازرگانیکردن بە هۆشبەرەوە."

 باربارا لیف سەرسامیی خۆی بە "خۆڕاگریی" خەڵکی سووریا دەربڕی و گوتی: "کەس باشتر لەوان لە ئاڵنگارییەکانی داهاتووی سووریا تێناگات. لەگەڵ چالاکڤانان و ئەندامانی کۆمەڵگە جیاوازەکانی سووریا کۆبووینەوە. ئەوان روانگەی خۆیان بۆ داهاتووی سووریا لەگەڵ ئێمە بەشکرد و باسی پشتیوانیی ئەمریکایان کرد لەو قۆناخە."

سەرۆکی شاندەکە باسی حکومەتی داهاتووی سووریای کرد و گوتی: "ئێمە پشتیوانی لە پرۆسەیەکی سیاسی دەکەین کە سووریاییەکان خاوەنی بن بۆ ئەوەی حکومەتێکی گشتگیر و لەخۆگر دروستبێت کە رێز لە مافی هەموو سووریاییەکان بگرێت، لەوانەش ژنان و هەموو پێکهاتەکانی سووریا."

 ئەندامانی دیکەی شاندەکەی ئەمریکا بریتی بوون لە رۆجەر کارستنس، نێردەی تایبەتی سەرۆکی ئەمریکا بۆ کاروباری بارمتەکان و دانیێل روبنستاین، راوێژکاری تایبەتی نوێی سەرۆکی ئەمریکا بۆ کاروباری سووریا./ ڕووداو