ڕوانگە - پەیامنێری ڕوانگە لەبارەی کێشە و گیروگرفتە سیاسی و ئابوورییەکانی ناوخۆی هەرێمی کوردستان و هەروەها کێشەکانی هەرێم لەگەڵ بەغدا و پەیوەندییەکانی هەرێم و تاران و  هەوڵەکان بۆ چارەسەرکردنی ئەو کێشانە، گفتوگۆیەکی لەگەڵ شوان ڕابەر، ئەندامی ئەنجومەنی باڵای کۆمەڵی دادگەریی کوردستان، ئەنجامداوە.

ئەمەی خوارەوە دەقی گفتوگۆکەیە.

*هەرێمی کوردستان لە بواری سیاسیدا ڕوبەڕوی چ کێشە و قەیرانێک بووەتەوە؟

هەرێمی کوردستان دووچاری کۆمەڵێک کێشەی سیاسی بووە لەوانە: دەستەی سەرۆکایەتی پەڕلەمانی پێک نەهێناوە و پەڕلەمانی نەکەوتۆتەکار، حکومەتی نوێی پێک نەهێناوە و کێشەی ئابووری و مووچەی هەیە، هەروەها پەیوەندییەکانی لەگەڵ تاران و بەغداد و دیمەشق باش نییە، خزمەتگوزارییەکانی وەک ئاو و کارەبا و ڕێگاوبان خراپە، ڕێژەی بێکاری زۆرە و خەک کۆچ دەکات بۆ هەندەران، لەگەڵ هەموو ئەمانەشدا پەیوەندی دەسەڵات لەگەڵ خەڵک و لایەنەسیاسییەکان خراپە، بازرگانی ئازاد نیە، هەروەها دەسەڵات دەستی بەسەر سەروەت و سامانی گەورەدا گرتووە، کێشەی لەگەڵ حەشدی شەعبی و بەرەی مقاومە و پەکەکەدا هەیە،تائێستاش بەردەوامە لە بە قاچاخ بردنی نەوت و بەشێک لە داهاتەکان ڕادەستی خەزێنەکانی حکومەتی هەرێم و بەغداد ناکات، هەروەها کێشەی زۆر لەنێوان یەکێتی و پارتیدا هەیە کە دوو پارتی سەرەکین لە هەرێمی کوردستان، ئەمە جگە لەو کێشانەی کە لەگەڵ حکومەتی عێراقیدا بەردەوامییان هەیە".


*چارەسەری ئەم کێشانە لە ئاستی ناوخۆیی هەرێمی کوردستان چۆن دەکرێت؟

چارەسەرکردنی ئەم کێشانە بۆ هەرێم زەحمەتە، چونکە دەبێت دەسەڵاتدارانی هەرێم لە هەندێک شتی خۆیان تەنازول بکەن و دەبێت واز لە غرور و خۆبەگەورەزانین و حیساب نەکردن بۆ لایەنی بەرامبەر بێنن، هەوڵبدەن پەیوەندییەکانیان لەگەڵ هێز و لایەنە سیاسییەکان و خەڵک باشبکەن، و چیدیکە زوڵم لە هاوڵاتیان نەکەن و مافی هاوڵاتیان زەوت نەکەن، دەبێت مافەکانی خەڵک و هاوڵاتیان بەتەواوی دابین بکەن و نابێت دەسەڵات و داهاتی کوردستان تەنها بۆ خۆیان بێت، لەگەڵ ئەوەشدا دەبێت لە هەڵبژاردنەکاندا پەنا بۆ ساختەکاری نەبەن و دەبێت باوەڕیان بە دەستاودەستکردنی دەسەڵات هەبێت، هەروەها ئاماژەی بەوەشکرد هەرێم دەبێت ‌داهاتی ناوخۆ ڕادەستی بەغداد بکات، تاوەکو لە بەرامبەردا بەغداش قوت و مافی هاوڵاتیان و مووچەخۆرانی کوردستان بدات، دەبێت هەرێم بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی کار بە دەستوور و یاسا و دادگا بکات و حکومەت بە دامەزراوەی بکات و هەر وەزارەت و دامەزراوەیەک ڕۆڵی تەواوەتی خۆی ببینێ و تەنها چەند کەسێک دەسەڵاتەکان لە کوردستان بەڕێوەنەبات، وە دەبێت ژیانێکی خۆش بۆ خەڵکی دابین بکەن، کە زەحمەت هەرێم بیێەوێت ئەم هەنگاوانە بنێت.


*وڵاتانی دراوسێ و بەتایبەت ئێران کە زۆر نزیکە لە هەرێمی کوردستانەوە بۆ چارەسەرکردنی کێشە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان دەتوانێت چ ڕۆڵێک ببینێت، وە ئایە کێشە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان چ کاریگەرییەکی ئەرێنی و نەرێنییان لە سەر ئێران دەبێت؟

هەندیک کێشە هەیە لە نێوان هەرێم و ئێران دا، کەدیارە کاریگەری سلبییان هەیە بۆیە هەندێ جار پەیوەندی هەردوولایان خراپ بووە، بۆیە دەکرێت لە داهاتوودا بە دیراسە ئەم کێشانە چارەسەربکرێت و پەیوەندییەکان ئاسای بکەنەوە و چاکبکرێنەوە، بۆئەوەی هەردوولا سودی زیاتر لەیەکدی ببینن، 


* وڵاتانی دراوسێ  چۆن دەتوانن لەم دۆخە سیاسییەی هەرێمی کوردستان لە پێناو بەرژەوەندییەکانی خۆیان کەڵک وەربگرن؟

وڵاتانی دراوسێ پێویستە لەگەڵ کوردستان باشبن، وە کوردستانیش دەبێت ماف و ئەمنێتی ئەوان بپارێزێت، بۆئەوەی هەردولا لەیەکدی دڵنیابن و هەردوولا سود لە یەکدی وەربگرن