ڕوانگە - لەسەر دۆسیەی كوشتنی كچێک هێزەکانی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی دوو تۆمەتباریان دەستگیركرد.
سەرکەوت ئەحمەد وتەبێژی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی، بۆ ڕوانگە ڕایگەیاند:"دوای ئەوەی هێزەکانی پۆلیس لەڕووداوی کوشتنی کچێک لەگەڕەکی ئازادی شاری سلێمانی ئاگادارکرانەوە، دەستبەجێ هێزەکانی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی سلێمانی گەیشتنە شوێنی ڕووداوەكەو كەشفو هێڵكاریی بۆ شوێنی تاوانەكە ئەنجامدراو لێكۆڵینەوەكان بۆ دەستگیركردنی تۆمەتباران دەستیپێكرد.
وتیشی: "دوای گەیشتنە ئەنجامی لێکۆڵینەوەکان و وەرگرتنی بڕیاری بەڕێز دادوەر، توانرا تۆمەتباری یەکەم دەستگیربکرێت، لێکۆڵینەوەو بەدواداچونی هێزەکانی پۆلیس بەردەوامبوو بۆ دەستگیرکردنی تۆمەتباری دووەم، سەرەنجام توانرا تۆمەتباری دووەمیش دەستگیربکرێت.
سەرکەوت ئەحمەد وتەبێژی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی، ڕونیشیکردەوە:"لەلێکۆڵینەوەکانی پۆلیسدا دەرکەوت کچە کوژراوەکە خزمی تۆمەتبارەکانەو بەسەردان سەردانی ماڵی تۆمەتبارانی کردووە، بەڵام دواتر بەندیان کردووەو ئەشکەنجەیان داوە تا گیانی لەدەستداوە.
لەئێستادا هەردوو تۆمەتبار (م، أ، ک) لەدایكبووی 1989 و (أ، ح، ع) لەدایکبووی1987 کە بەڕەگەزنامە عەرەبن، بەبڕیاری بەڕێز دادوەرو بەپێی ماددەی 406 لەیاسای سزادان ڕاگیراون و لێكۆڵنەوەكان بەردەوامە.