ڕوانگە - بەراورد بە ساڵی ڕابردوو ژمارەی قوربانیانی هاتووچۆ لە سنوری ئیدارەی گەرمیان زیادی کردووە و وتەبێژی هاتووچۆی گەرمیانیش هۆکارەکەی دەگەڕێنێتەوە بۆ پابەند نەبوونی شۆفێران بە ڕێنمایەکانی هاتووچۆوە.
عەقید سامان عەلی داود وتەبێژی هاتووچۆی گەرمیان بۆ ڕوانگە ڕایگەیاند:"ڕووداوەکانی هاتوچۆ لەمساڵدا بەراورد بەساڵی ڕابردوو خۆشبەختانە کەمی کردووە، بەڵام لە بەرامبەردا ژمارەی قوربانیانی هاتووچۆ زیادی کردووە.
وتیشی: "لە سەرەتای ئەمساڵەوە تاوەکو هەفتەی یەکەمی مانگی دوازدەی ئەمساڵ 400 ڕووداوی هاتووچۆ ڕویانداوە، کە بەراورد بەساڵی پار واتە ساڵی 2023 ڕووداوەکان کەمیان کردووە، ساڵی ڕاپردوو، 468 ڕووداو ڕوویانداوە، هەروەها ساڵی پار نزیکەی 640 کەس بریندار بوون، بەڵام لەمساڵدا ئەو ژمارەیە کەمیکردووە بۆ 520 بریندار، بەڵام بەداخەوە ساڵی پار 34 کەس گیانیان لەدەستداوە، بەداخەوە ئەمساڵ ئەو ژمارەیە بەرزبووەتەوە بۆ 51 کەس.
عەقید سامان عەلی داود، ڕونیشیکردەوە:" بەپێی ئەو لێکۆڵینەوانەی کە کردومانە هۆکاری سەرەکی ڕووداوەکان دەگەڕێتەوە بۆ پابەندنەبوونی شۆفێران بە یاسا و ڕێنمایەکانی هاتووچۆوە، هەروەها بەکارهێنانی ئامێرەکانی پەیوەندیکردن و خێرای لێخوڕین لە لایەن شۆفێرانەوە و وە بەشێکیشیان پەیوەندییان هەیە بە خراپی ڕێگاکانی هاتووچۆوە بەتایبەت ڕێگای نێوان (کەلار ـ خانەقین و کەلار ـ خاڵی سنوری پەروێزخان) کە ئەو ڕێگایانە ڕێگایەکی کۆن و خراپن و بەداخەوە زۆربەی زۆری ڕووداوەکان بەهۆی خراپی ڕێگاوبانەکانەوە ڕوویانداوە.
عەقید سامان عەلی داود، وتەبێژی هاتووچۆی گەرمیان، ئاشکرایشیکرد:"هەوڵەکانمان بەردەوامە بۆ هۆشیارکردنەوەی شۆفێران، چ لەڕێگەی کۆبوونەوە و پێدانی نامیلکەی ڕێنمای لەگەڵ شۆفێرانی نێوان هێڵەکانی ناو شار و دەرەوەی شار، چ لەڕێگەی دروستکردنی تیمێک لەناو بەڕێوەبەرایەتیمان، کە ئەم تیمە ڕۆژانە سەردانی ناوەندەکانی خوێندن و باخچەی ساوایان و تەنانەت سەردانی زانکۆ و پەیمانگاکانیش دەکەن بۆ هۆشیارکردنەوەی خوێندکاران و قوتابیانی سنورەکە.