ڕوانگە - ڕابەری گشتیی بزوتنەوەی ئیسلامی کوردستان ئاماژە بەوە دەکات:" گۆڕانکارییەکان تەنها لەسوریا ناوەستن، بەڵکو گۆڕانکارییەکان خێران، حکومەتی نوێی سوریا گوێ لەپێکهاتەکان جیاوازەکان دەگرێت کە ئاماژەیەکی باشە، بۆیە پێوستە دەستورێکی نوێ بۆ سوریا بنوسرێتەوە".
عیرفان عەبدولعەزیز، ڕابەری گشتیی بزوتنەوەی ئیسلامی کوردستان ڕایدەگەیەنێت: "گرنگە هەر لەسەرەتاوە کورد بونی خۆی لەسوریا بسەلمێنێت، ئێمە بەباشی دەزانین لەسەرەتاوە کورد دۆستایەتی لەگەڵ ئەو گەنجانەی سوریا دروستبکات کە پێناچێت بیرۆکەیەکی خراپیان هەبێت، ئەگەر کورد پشتیوانی شۆڕشی سوریا بکات، سودی دەبێت بۆ ئایندەی کوردو ناوچەکەو عێراقو کوردستانیش".
وتیی: "حوکمڕانانی عێراق هەست بەشەرمەزاری دەکەن کە ئەحمەد شەرع دەبینن خەڵکی سوریا هەموی چەپڵەی بۆ لێدەدات، دەڵێن، ئێمە 24 ساڵە غەیری خورافاتو بێ متمانەیی نەبێت، نەمانتوانی شتێکی دیکە دروستبکەین".
عیرفان عەبدولعەزیز، ڕابەری گشتیی بزوتنەوەی ئیسلامی کوردستان، سهبارهت بەو نامەیەش كه بۆ شەرعی ناردوە، ڕونیکردۆتەوە:"ئێستا نوێنەرمان لەدیمەشقە، من چوار خاڵم بۆ ئەحمەد شەرع لەنامەیەکدا نوسی بۆ ئەوەی دەوڵەتێکی مەدەنی دروستبکات، ئەو فیقهە سیاسیە کۆنە واز لێبهێنێت، هاوکات باسی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکانم بۆکردوە وەک تێبینی کە پێویستە ئاگای لەو خاڵانە بێت".