ڕوانگە - بەپێی ئامارێکی دەزگاى ئاسایشى هەرێمى کوردستان، لە ماوەی ئەمساڵدا، واتا ساڵی 2024،  636 کەس بەتاوانى تیرۆر دەستگیرکراون و 257 ئۆپراسیۆن و 74 کێوماڵیش بۆ لەناوبردنى مۆڵگەى تیرۆرستان ئەنجامدراوە.

عەقید سەلام عەبدولخالق، بەڕێوەبەرى راگەیاندنى دەزگاى ئاسایشى هەرێمى کوردستان رایگەیاند: "126 کارى هاوبەشیان لەگەڵ دەزگا ئەمنییەکانى دیکەی هەرێمى کوردستان و عێراق ئەنجامداوە و دەستبەسەر زیاتر لە سێ تۆن ماددەى هۆشبەردا گیراوە، هەزار و 19 بازرگان و بەکارهێنەرى ماددەى هۆشبەر دەستگیرکراون.


وتیشى: "دە هەزار و 157 سکاڵاى جۆراوجۆر تۆمارکراوە، جگە لە سێ هەزار و 283 سکاڵا تایبەت بەتاوانى ئەلیکترۆنى و 606 سکاڵاش لەدادگاکانەوە بەرزکراوەتەوە کە پێویستى بە کامێراکانى چاودێرى بووە".

عەقید سەلام عەبدولخالق، بەڕێوەبەرى راگەیاندنى دەزگاى ئاسایشى هەرێمى کوردستان ڕونیشیکردەوە:"32 حاڵەتى خۆکوشتن و 63 حاڵەتى کوشتن و 171 رووداوی تەقەکردن تۆمارکراوە و 142 تۆمەتبار بەتۆمەتی بازرگانیی بەچەکى بێمۆڵەت دەستگیرکراون، دەست بەسەر 881 پارچە چەکدا گیراوە و دەستیشگیراوە بەسەر 14هەزار دۆلار و 16ملیۆن دینارى عێراقیى ساختە لەناو بازاڕەکاندا، هەروەها ئاماژەی بەوەشکرد، لە چوارچێوەى کاری لیژنە هاوبەشەکاندا زیاتر لە 50 هەزار سەردانیان بۆ ناو بازاڕ و شوێنە گشتییەکان ئەنجامداوە و 629 تۆن خۆراکى خراپ و ماوەبەسەرچوو لەناوبراوە.