ڕوانگە - ڕوانگەی سوری بۆ مافەکانی مرۆڤ بڵاویکردەوە، لە دوا ساتەکانی ساڵی 2024دا  ئەمریکا فڕۆکەیەکی بارهەڵگری خۆی کە پڕ بووە لە سەرباز و  چەک و تەمەنی و پێداویستی لۆجستی، گواستووەتەوە بۆ رۆژئاوای کوردستان، ئەوەش لەچوارچێوەی گەیاندنی هاوکاری سەربازییە بۆ بۆ پاراستنی هێزەکانیان لە روبەڕووبونەوەی چەکدارانی داعش دوای گۆڕانکارییەکانی ئەم دواییەی سوریا.

ڕوانگەی سوری بۆ مافەکانی مرۆڤ دەڵێت، گەیشتنی ئەو فڕۆکەیە بە چەند کاتژمێرێک دوای گەیشتنی کاروانێکی سەربازی هاوپەیمانان بووە، کە لە 55 بارهەڵگری سەربازی پێکهاتووەو  چەک و تەقەمەنی و پێداویستی لۆجستی پێبوە لەڕێگەی دەروازەی سنوری نێوان عێراق و سوریاوە چونەتە ڕۆژئاوای کوردستان.

هاوکات دوو رۆژ لەمەوبەریش دوو فڕۆکەی سەربازی بارهەڵگری ئەمریکی، سەرباز و کەرەستەی سەربازی و لۆجیستیان گەیاندە ڕۆژئاوای کوردستان، فڕۆکەیەکیان لە بنکەی سەربازیی خەراب جیری ڕمێلانی باکووری حەسەکە، ئەوەی دیکەشیان لە بنکەی سەربازیی شەدادی حەسەکە نیشتووەنەتەوە.بەپێی ڕاگەیەندراوی ڕوانگەی سوری بۆ مافەکانی مرۆڤ، لەدوای ڕووخانی  ڕژێمەکەی بەشار ئەسەدەوە، تائێستا ئەمریکا نزیکەی 210 بارهەڵگری پڕ لە چەک و تەقەمەنی ڕەوانەی بنکە سەربازییەکانی لە ڕۆژئاوای کوردستان کردووە.