ڕوانگە - لە عێراق 12 مووچە لەساڵى رابردوو دابەشکراوە، بەڵام لەهەرێم بە بیانووى کورتهێنانى پارە چارەنووسە مووچەى مانگەکانى 11 و 12 بە نادیارى ماوەتەوە و شەوى رابردوو دەنگۆى واژۆکردنى وەزیرى دارایى عێراق لەسەر ناردنى 450 ملیاردینارى تەواوکارى مووچەى فەرمانبەرانى هەرێم بڵاوکرایەوە، بەڵام وەزارەتى دارایى هەرێم ڕەتیدەکاتەوە تا ئێستا هیچ بڕەپارەیەکیان بەدەست گەیشتبێت.
شەوى رابردوو لە میدیاکان بڵاوکرایەوە، تەیف سامى وەزیری دارایی عێراق واژۆی لەسەر ناردنی نزیکەی 450 ملیار دینار کردووە بۆ هەرێمی کوردستان، وەک شایستەی دارایی هەرێمی کوردستان بۆ ساڵی 2024، لەکاتێکدا هەرێمی کوردستان چاوەڕێی ئەوە بوو 750 ملیار دینار شایستەی دارایی مانگی 12 و 430 ملیار دیناریش لە گواستنەوەی پارە بگاتە دەستی، دیار نییە ئەو بڕە پارانەی دیکە بۆچی بڕدراوە و تەنها نزیکی 450 ملیار لە بەغدادەوە نێردراوە.
ئەمڕۆش چوارشەممە سەرچاوەیەك لە وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، تا ئێستا بەغدا هیچ پارەیەکی بۆ وەزارەتی دارایی هەرێم نەناردوە و ئەو هەواڵانەش باس لەوە دەکەن لە بەغداوە پارە بۆ موچەی مانگی 12ی فەرمانبەران نێردراوە ڕاست نین.بەوتەى سەرچاوەکە، ئەوەی هەیە تەنیا تەیف سامی واژۆی لەسەر خەرجکردنی بڕی 450 ملیار دینار کردووە، بە ئەگەری زۆرەوە هەفتەی داهاتوو بەغدا پارە دەنێرێت و ئەوەشی دەینێرێت 450 ملیار دینارە و بۆ تەواوکاریی موچەی مانگی 11 و 12 یە.
بە ناردنى ئەو 450 ملیار دینارە حکومەتی هەرێمی کوردستان زیاتر لە تریلیۆنێک دیناری لەبەر دەست دەبێت، بۆ دابەشکردنی مووچەی هەردوو مانگەکانی 11 و 12 هەرێمی کوردستان پێویستی بە نزیکی یەک تریلیۆن دیناری دیکەیە، زانیارییەکان ئەوە دەردەخەن کە بەو بڕە پارەیەی ئێستا لەبەردەستە وەزارەتی دارایی دەتوانێت تەنیا مووچەی مانگی 11 دابەش بکات و ناتوانێت مووچەی مانگی 12 دابەشبکات.
ئەوەى هەیە تا ئێستا چارەنووسى پارەکەى بەغدا و مووچەى هەردوو مانگى کۆتاى ساڵى رابردوو بەنادیارى ماوەتەوە، لەگەڵ هاتنى ساڵى نوێش كێشەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم بە چارەسەرنەكراوی مایەوە، هاوڵاتیانی كوردە بە دڵتەنگییەوە پییان نایە ناو ساڵی نوێوە، بەهۆی كێشەی مووچەوە.میدیا عەرەبییەكان لە زاری دابان محەمەد پەرلەمانتاری پێشووی پەرلەمانی هەرێمی كوردستان سەبارەت بە دواكەوتنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم و كێشەكانی نێوان بەغدا و هەولێر زانیاری نوێ دەخاتەڕوو و ئاماژەى بەوەکردووە، عێراق و جیهان ئاهەنگیان گێڕا بۆ ساڵی نوێ، بەڵام هێشتا كێشەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم بە چارەسەرنەكراوی ماوەتەوە، هاوڵاتیانی كوردە بە دڵتەنگییەوە دەچێتە ناو ساڵی نوێوە، بەهۆی كێشەی مووچەوە.
دەشڵێت، فەرمانبەرانی هەرێم لەماوەی ساڵی ڕابردوودا تەنیا 10مووچەی وەرگرتووە، لەكاتێكدا سەرجەم فەرمانبەرانی عێراق 12 مووچەیان وەرگرتووە، ئەم بابەتەش لە ئەستۆی حكومەتی هەرێمە، هەروەها حكومەتی فیدراڵی لە هەندێك لایەندا بەرپرسە.
ئاماژەی بەوەشكرد، هیچ چارەسەرێك بۆ كێشەی مووچەی فەرمانبەران لە هەرێمدا نییە، جگە لە بە نیشتیمانیكردنی پرۆسەكە جەختیشی كردەوە، چارەسەرەكە ئەوەیە لە بانكە فیدراڵییەكانەوە كۆتایی بە قەیرانەكە بهێنن.بەوتەى مەزهەر محەممەد ساڵح، راوێژکاری دارایی و ئابووریی محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق،لە کۆتایی ساڵی داراییدا پرۆسەی وردبینیی دارایی دەکرێت، هەربۆیە دواکەوتنی مووچە بۆ چەند رۆژێکی کەم روودەدات.لەبارەى قەیرانى مووچەش لە عێراق ئەو راوێژکارە دەڵێت، لە عێراقدا قەیرانی مووچە نییە؛ ئەوەی لێرە و لەوێ باسی لێوەدەکرێت راست نییە نزیکەی 100-105 تریلیۆن دینار پارەی کاش هەیە لەگەڵ هەبوونى یەدەگێكی گەورەی دراوی بیانی بۆ دابینکردنی پارەی کاش هەیە کە بە نزیکەی 105 ملیار دۆلار مەزەندە دەکرێت.