ڕوانگە ـ نیوه‌ڕۆی ئه‌مڕۆ لە نزیک لەنگەی هەولێر ئاگر له‌ ژماره‌یه‌ك دوكانێكی جوانکاریی ئۆتۆمبێل كه‌وته‌وه‌ و دواتریش ژماره‌یه‌ك دوكانی دیكه‌ش زیانیان به‌ركه‌وت، وته‌بێژی به‌رگری شارستانی هه‌ولێر ده‌ڵێت، ئاگره‌كه‌ زیانی گیانی نییه‌.


به‌گوێره‌ی زانیاریه‌كانی خه‌ندان، نیوه‌ڕۆ ئاگر له‌ دوكانێكی فرۆشتنی جوانکاریی ئۆتۆمبێل كه‌وتوه‌ته‌وه‌ و دواتر دیوی پشته‌وه‌ی دوكانه‌كه‌ كۆگایه‌ك هه‌بوه‌ كه‌ قوماش و ئیسفنجی تێدابوه‌ و به‌ته‌واوی سوتاوه‌، ئه‌وه‌ جگه‌له‌وه‌ی دو دوكان له‌لای ڕاست و چه‌پ زیانیان پێگه‌یشتوه‌.


موقه‌ده‌م شاخه‌وان، وته‌بێژی به‌رگری شارستانی هه‌ولێر، له‌ لێدوانێكدا بۆ كه‌ناڵه‌كانی ڕاگه‌یاند، كاتژمێر 12:25 خوله‌كی ئاگاداركراون له‌ بونی ئاگرێك، كه‌ "هۆكاری گه‌وتنه‌وه‌ی ئاگره‌كه‌ بۆ زۆپایه‌كی نه‌وته‌وه‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ كه‌  دواتر ئاگری گرتوه‌".


ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد، 15ی تیمی به‌رگری شارستانی گه‌یشتونه‌ته‌ شوێنی ڕوداوه‌كه‌ و كۆنتڕۆڵیان كردوه‌ و دوكان و شوێنه‌كانی نزیك له‌ ئاگره‌كه‌ش چۆڵكراون به‌مه‌به‌ستی پاراستنیان له‌ سوتان.


به‌گوێره‌ی وته‌ی وته‌بێژی به‌رگری شارستانی هه‌ولێر، زیانی گیانی نییه‌ ته‌نها گیانی ماددی هه‌یه‌ كه‌ به‌ نزیكه‌ی 30 هه‌زار دۆلار ده‌خه‌ملێنرێت، له‌ ئێستاشدا هیچ مه‌ترسییه‌ك له‌سه‌ر دوكانه‌كان نییه‌ و ئاگره‌كه‌ به‌ته‌واوی كۆنتڕۆڵكراوه‌.