ڕوانگە - وەزیری دەرەوەی فەرەنسا لە دیمەشقەوە رایگەیاند، كورد لە سوریا هاوپەیمانی ئێمەن و پێویستە چارەسەری سیاسی لەگەڵ هاوپەیمانەكانمان بكرێت.
ژان نۆئێل بارۆ، وەزیری دەرەوەی فەرەنسا، ئەمڕۆ پێنجشەممە، لەمیانی سەردانەكەیدا بۆ دیمەشق لە لێدوانێكدا بۆ رۆژنامەنوسان رایگەیاند، "پێویستە لە باکوری سوریا چەک دابنرێت و چارەسەری سیاسی لەگەڵ هاوپەیمانەکانی فەرەنسا بکرێت کە کوردن. پێویستە ئاگربەستێکی بەردەوام لە باکوری سوریا جێبەجێ بکرێت".
وتیشی"پێویستە شوێنی تیرۆر و توندڕەوی لە سوریا نەمێنێت. ئێمە شان بە شانی کوردان دژی تیرۆر شەڕمان کرد. قبوڵناکەین جارێکی دیکە تیرۆر و توندڕەوی لە سوریا سەرهەڵبداتەوە. ئێمە قبوڵی ناکەین نەژادپەرستی لە سوریا هەبێت."
وەزیری دەرەوەی فەرەنسا ئاماژەی بەوەشدا، هاوكاری تەكنیكی و یاسایی پێشكەش بە ئیدارەی نوێی سوریا دەكەین بۆ نوسینی دەستورێك بۆ وڵات.