ڕوانگە - ئەگەر بەغداد جگە لەو ٤٤١  ملیار دینارەی رەزامەندیی لەسەر داوە، پارەی دیکە نەنێرێت، ئەوا بە ئەگەری زۆرەوە مووچەی مانگی ١٢ی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان پاشەکەوت دەکرێت.

ئەمڕۆ هەینی، میدیای یەکێتی لە زاری دوو سەرچاوەی وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستانەوە بڵاویکردەوە، حکومەتی هەرێم کورتهێنانی مووچەی مانگی ١٢ بە داهاتی ناوخۆ پڕناکاتەوە، لەبەرئەوە لە دوای تەواوبوونی پشووەکانی سەری ساڵ دەست بە هەوڵەکانی دەکاتەوە بۆ رازیکردنی بەغداد تاوەکو پارەی دیکە بنێرێت و چارەنووسی مووچەی مانگی ١٢ی پێ یەکلابکەنەوە.

ڕاشیگەیاند" بەغداد جگە لەو ٤٤١  ملیار دینارەی ڕەزامەندیی لەسەر داوە، ئامادەنییە هیچ بڕە پارەیەکی دیکە بۆ مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان بۆ ساڵی ٢٠٢٤ بنێرێت و دەڵێت، بە درێژایی ئەو ساڵە پارەی تەواویان بۆ هەولێر ناردووە."

دوێنێش وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان بەرپرسیارێتی دابەشنەکردنی مووچەی خستە وەزارەتی دارایی عێراق و ڕایگەیاند کە بە نەناردنی پارەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم بەتەواوی، دەیەوێت کێشەکانی خۆی چارەسەر بکات.

وەزارەتەکە ئەوەشی خستەڕوو کە لە ڕۆژانی یەکشەممە تاوەکو چوارشەممە، مووچەی مانگی ١١ دابەش دەکەن.