ڕوانگە - پاش کۆبوونەوەکان لەگەڵ ئەحمەد شەرع سەرۆکی ئیدارەی نوێی سوریا وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا، ڕایگەیاند:؛ ئەوروپا ئامادەیە لەقۆناغی گواستنەوەدا پاڵپشتیی سوریا بکات، بەڵام بودجە بۆ ڕێکخراوە ئیسلامییە نوێیەکان دابین ناکات،


ئانالینا بێربوک وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا، ئاماژەی بەوەشکردووە: داوا لەدەسەڵاتدارانی سوریا دەکەین کە خۆیان لەپێکهێنانی "حکومەتێکی ئیسلامی" پاش ڕوخانی ڕژێمی ئەسەد بەدوربگرن.

وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا، ئاشکرایشیکردووە: ئەوروپا ئامادەیە لەقۆناغی گواستنەوەدا پاڵپشتیی سوریا بکات، بەڵام بودجە بۆ ڕێکخراوە ئیسلامییە نوێیەکان دابین ناکات، ئەم هەڵوێستە لەبەرژەوەندییە ئەمنییەکانی ئەوروپاوە سەرچاوە دەگرێت، ئەمە جگە لەداواکاریی زۆرێک لەسورییەکان لەناوخۆو دەرەوەی سوریا، هەروەها لەبارەی هەڵگرتنی سزاکانی سەر سوریا، بێربوک ئاماژەی بەوەدا، ئەمە پەیوەستە بەگەیشتن بەپێشکەوتن لەپرۆسەی سیاسیدا.

ئه‌وه‌شى وتوه‌، "ئاماژەی جیاواز لەم ڕوەوە هەیە، بۆیه‌ جەخت لەسەر پێویستیی دابینکردنی گەرەنتیی ئەمنیی بۆ کوردو بەشداریکردنی هەموو پێکهاتەکان لەهەوڵەکانی ئاوەدانکردنەوەدا ده‌كه‌ینه‌وه‌".

وەزیره‌ ئه‌ڵمانیه‌كه‌ جەختی لەوەکردوه‌تەوە، یەکێتیی ئەوروپا هەوڵدەدات پاڵپشتیی لەگواستنەوەی ئاشتیانەو هەمەلایەنەی دەسەڵات لەسوریاو بەرەوپێشبردنی ئاشتەوایی کۆمەڵایەتیی‌و بەشداریکردن لەئاوەدانکردنەوەدا بکات، هاوکات بەردەوامە لەچاودێریکردنی وردی کارەکانی هەیئەی تەحریری شام.