ڕوانگە - ساڵی ڕابردوو لەكۆی سێ هەزار و 461 كێشەی خێزانی؛ یەکێتی زانایان: هەزار و 340 جیابوونەوە هەبووە.
یەكێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی كوردستان ڕایگەیاند، تەنها لە ساڵی رابردوو لە کۆی (3461) کێشەی خێزانی (1340) حاڵەتی جیابوونەوە ڕوویداوە.
یەکێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی کوردستان ئاماری گرنگترین چالاکیەکانی ساڵی 2024 بڵاودەکاتەوە، بە پێی ئامارەکە تەنها لە ساڵی رابردوو لە کۆی (3461) کێشەی خێزانی (1340) حاڵەتی جیابوونەوە – تەڵاق – هەبووە.
هەر بەپێی ئامارەکە سەرەڕای دەرکردنی (14) فەتوای فەرمی؛ ئەنجومەنی باڵای فەتوای یەکێتی زانایان و لیژنەکانی فەتوای سەر بە لقەکان (5921) پرسیاری شەرعی هاوڵاتیانی وەڵام داوەتەوەو (1078) کێشەی میرات و زەوی و زارو (1168) کێشەی مامەڵەو بازرگانی و کرین و فرۆشتنی چارەسەر کردووە. وەك یەكێتی زانایان دەڵێت هەروەها توانراوە لە کوردستان (522) پرۆسەی سوڵح و ئاشتەوایی ئەنجام بدرێت، کە بەشێکیان کۆمەڵایەتی و خێزانی و بەشێکیان پەیوەست بوون بە کێشەی مامەڵەو میرات و زەوی و زارو تەنانەت کێشەی خوێنداریش بووە.
"لە لایەکی تریشەوە یەکێتی زانایان لەماوەی یەک ساڵ توانیویەتی (922) سیمینارو خول و وانەی زانستی و شەرعی ساز بکات، بەشداری (37) کۆنفرانسی زانستی و پیشەیی لەسەر ئاستی ناوخۆو دەرەوە بێت، لەگەڵ ئەوەش (98) توێژینەوەو بابەتی زانستی و رۆشنبیری بڵاوکردۆتەوەو، (81) پەیام و پۆستەری سۆشیال میدیایی وەک دەربڕینی هەڵوێست و دیدگای یەکێتی زانایان هەبووە، سێ بەرهەمی چاپکراویشی کەوتۆتە بەردیدی خوێنەران." یەكێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی لە كوردستان وا دەڵێت.